حسێن ڕابی وردەکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ پەنجەرە دەگێڕێتەوە
٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٧:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا و دواتر ئازاد کرا، حسێن ڕابی مامۆستای زانکۆی سلێمانی وردەکاری دەستگیر کردنەکەی بۆ پەنجەرە دەگێڕێتەوە.
حسێن ڕابی لەلایەن کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامی و بە تۆمەتی ناوزڕاندن دەستگیر کرا، بەڵام دەستگیرکردنەکەی کاردانەوەی لە نێو سۆشیال میدیا دروستکرد.
حسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە ئاسایش سکاڵام لەسەر تۆمار کرابوو گوایە شوێن و ناونیشانم نادیارە، لەکاتێکدا ماڵەکەم لە سلێمانییە و لە زانکۆ دەوام دەکەم.
وتیشی: ئەو ڕۆژەی دەستگیر کرام مامەڵەی "هەژماری من"ـم هەبوو، درەنگ بۆ زانکۆ بە تاکسی رۆیشتم، لە ڕێگە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایش ڕایگرتین و وامزانی شۆفێرەکە دەستگیر دەکەن، بەڵام بۆ دەستگیرکردنی من هاتبوون بۆیە لەگەڵیان رۆشتم.
سەبارەت بەوەی هیچ ئازارێکی جەستەیی و دەروونی دراوە، حسێن ڕابی وتی: بە حوکمی ئەوەی پێشتر لێکۆڵینەوەم نەبینیووە، بۆیە بێزار و توڕە بووم، دەنگم بەرز دەکردەوە و ئەوانیش دەنگیان بەرز دەکردەوە، ئەگینا زۆر پرۆفیشناڵ بوون و ڕێزیان گرتم.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ ژمارەیەک تۆمەتبار ڕاگیرابوو کە دۆسییەکانیان جیاواز بوون، وتی: زۆربەی دەستگیرکراوەکان لەسەر ماددەی هۆشبەر، کێشەی موبایل و بازرگانیکردن بە ژنەوە لە زیندان بوون.
ئەو هەروەها وتیشی: ئالوودەبووەکان بەشێکیان خەوێنرابوون بۆ چارەسەر، بەشێکیان چارەسەریان پێدەدرا و بەشێکیان چارەسەر کردنیان لە قۆناغی کۆتاییدا بو "بەهەشت بۆ ئەو کارمەندانەی ئاسایشە بەو جۆرە خزمەتی ئالوودەبووەکانیان دەکرد."