شارەزایەکی سەربازی بۆ پەنجەرە: ئەمەریکا سەرقاڵە و دەبێت سیستەمی بەرگری بۆ کۆرمۆر دابنرێت 

٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:٥٩ پێش نیوەڕۆ

شارەزایەکی سەربازی بۆ پەنجەرە: ئەمەریکا سەرقاڵە و دەبێت سیستەمی بەرگری بۆ کۆرمۆر دابنرێت 

پەنجەرە

شارەزایەکی بواری ئەمنی و سەربازی دەڵێت، کێڵگەی غازی کۆرمۆر هەرچەندە لەڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە نێو هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ململانێکان لەسەر کێڵگەکە زۆر لە دەسەڵاتی هەرێم گەورەترن.

 حەمدی گلی، عەمیدی خانەنیشین و شارەزای بواری ئەمنی و سەربازی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هێرشی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر کۆرمۆر و بەرگریکردنی ئەمەریکا لە کێڵگەکە، بەشێکە لە ململانێی زلهێزەکان لەسەر دۆسیەی وزە لە جیهان دا.

دەشڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت غازی وڵاتان بکاتە بەدیلی وزەی ئێران و روسیا و ئەوانیش ڕێگری دەکەن، بۆیە ململانێکان لە هەرێمی کوردستان گەورەترن.

بەپێی وتەی شارەزاکەی بواری سەربازی، ئەمەریکا سەرکەوتوو نەبوو لە یەکلایکردنەوەی دۆسیەی میلیشیا شیعەکان، پشتی بە هەڵبژاردن بەست و ئەنجامەکەش لە بەرژەوەندی ئەو گروپانە کۆتایی هات.

حەمدی گلی دەڵێت: ئێستا گرفتی ئەمەریکا تەنها میلیشیا شیعەکان نییە کە کۆرمۆر موشەک باران دەکەن، گرفتەکە ئەوەیە بەشێک لە عەرەبی سونەش یاخی بوون و بەرەو لای ئێران ڕۆیشتوون.

جەختیکردەوە: ئەمەریکا سەرقاڵە بە کێشەی زۆر گەورەوە و نایەوێت بەهێز هاوکێشەی عێراق یەکلایی بکاتەوە.

هەروەها وتی: تا چارەنوسی میلیشیاکانیش یەکلایی نەکرێتەوە هێرش بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر بەردەوام دەبێت، بەهۆی سەرقاڵی ئەمەریکاوە دەبێت سیستەمی بەرگری بۆ کێڵگەکە دابنرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو