پێش سەردانی مارک ساڤایا هەندێک لە شیعەکان دەیانەوێت پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکەنەوە
٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لایەنە شیعەکان ڕای جیاوازیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق هەیە، بەشێکیان بەپێویستی دەزانن چاوەڕوانی مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بکرێت و بەشەکەی تریان دەیانەوێت خێرا حکومەت پێکبهێنرێت.
سەرچاوەیەکی باڵای نێو لایەنە شیعەکان کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بدرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەندێک لەلایەنە شیعەکان دەیانەوێت چاوەڕوانی مارک ساڤایا نەکرێت و پێکهێنانی حکومەت بکرێتە ئەمری واقیع.
سەرچاوەکە دەڵێت: بەشێکی تر لەلایەنە شیعەکان هۆشدارییان داوە پێکهێنانی حکومەت بەبێ مارک ساڤایا پشێوی لێدەکەوێتەوە و داوایانکردووە چاوەڕوان تا ئەوکاتەی ساڤایا دەگاتە بەغدا.
بڕیارە مارک ساڤایا، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، لەم رۆژانەدا سەردانی عێراق بکات. پێش سەردانەکەشی ڕایگەیاند: پەیامی سەرۆکی ئەمەریکام پێیە بۆ سەرکردەکانی عێراق و هەرێم و گۆڕانکاریی گەورە بەڕێگەوەیە.