جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ماوەیەکی کەم لە هەرێم دەمێنێتەوە و تەنها یەک بەرپرس دەبینێت
٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٧:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بڕیارە مایکل ریگس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەکان، سەردانی شاری هەولێر بکات، سەرچاوەیەکیش دەڵێت ماوەیەکی کەم لە هەولێر دەمێنێتەوە و تەنها یەک بەرپرس دەبینێت.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مایکل ریگس پۆستەکەی ئیدارییە و کەمتر پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، دێتە هەولێر و بەشداری کردنەوەی بینای نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکات.
سەرچاوە ئاگادارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ماوەیەکی کەم لە هەولێر دەمێنێتەوە و تەنها یەک کەس دەبینێت، بەڵام سەردانی بەغدا و تورکیا و چەند وڵاتێکی تریش دەکات.
جەختکردنەوەی سەرچاوەکەی پەنجەرە لەوەی کە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ماوەیەکی کەم لەهەولێر دەمێنێتەوە و تەنها یەک بەرپرس دەبینێت، لەکاتێکدایە بەشێک لە لایەنەکان چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد بەرپرسە ئەمەریکییەکە نێوەندگیریی لە نێوانیاندا بکات.
هەرچەندە سەرچاوەکە ناوی ئەو بەرپرسە کوردەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، پێدەچێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی بێت.