پێش ئەوەی مارک ساڤایا بگاتە عێراق؛ پەنجەرە ناوەڕۆکی پەیامەکەی بڵاو دەکاتەوە
٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٩:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەموو چاوەکان لەسەر هاتنی مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکان بۆ عێراق، بەتایبەت دوای ئەوەی رایگەیاند گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە و پەیامی گرنگی بۆ سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێیە.
پێش هاتنی بۆ عێراق و گەیاندنی پەیامەکەی بە سەرکردە عێراقی و کوردییەکان، پەنجەرە لە زاری سیاسییەکی نزیک لە ئەمەریکاوە بەشێک لە ناوەڕۆکی پەیامەکە ئاشکرا دەکات.
ئەو سیاسییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ناوەڕۆکی پەیامەکەی ساڤایا چارەسەکردنی ئەو بابەتانەیە کە ئەمەریکا لێی ناڕازییە، بەتایبەت مەسەلەی هەژموونی ئێران و چەک لای میلیشیا شیعەکان.
دەشڵێت: ساڤایا بە لایەنە عێراقییەکان دەڵێت، ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ شکست بهێنێت و نەگەنە ئەنجام، ئەمەریکا ڕێگەی تر بەکاردەهێنێت.
بەپێی وتەی سیاسەتمەدارەکە، بەکارهێنانی "ڕێگەی تر" لەلایەن ئەمەریکاوە کە بەشێک دەبێت لە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ساڤایا، بەکارهێنانی هێز و مەسەلەی سزای ئابوریش دەگرێتەوە.