پارتی و هەرکی؛ لێڵبوونی ئاوەکە لە سەرچاوەوە

١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٩:١٦ پاش نیوەڕۆ

پارتی و هەرکی؛ لێڵبوونی ئاوەکە لە سەرچاوەوە

پەنجەرە

ماوەی پێنج مانگە ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و عەشیرەتی هەرکی ناو بە ناو دەبێتە هەواڵی گەرمی میدیاکان، ناکۆکییەک سەرەتا لە قەزای خەباتەوە سەریهەڵدا و ئەمجارە لە گوندی لاجانی نزیک ناحیەی گوێرەوە تەشەنەیسەند.

هەرچەندە ناکۆکی نێوان پارتی و هەرکییەکان بە ڕووکەش بۆ کێشەی زەوی و زار و نەبوونی هەلی کار دەگێڕدرێتەوە، بەڵام تۆمەتبار کردنی "دەستی دەرەکی" لەلایەن پارتییەوە ئاماژەیە بۆ قوڵی و دێرینی ڕەگوڕیشەی کێشەکان.


لە بارزانییەوە تا "محێ"

ناکۆکی نێوان بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی محیەدین جەوهەر ئاغای هەرکی ڕەگێکی مێژوویی هەیە، ئەم ناکۆکییە تا کۆنتر بێت، زیاتر قوڵتر دەبێتەوە و چارەسەرکردنی قورس و ئەستەم تر دەبێت.

هەرچەندە مەلا مستەفا بارزانی و محیەدین ئاغای سەرۆکی هەرکی لە ژیان دا نەماون، بەڵام لە سەردەمی مەسعود بارزانی و جەوهەر محیەدین ئاغای جێگرەوەی باوکیاندا، هێشتا کێشەکان"دوکەڵ"ـی لێ هەڵدەستێت.

جەوهەر محیەدین ئاغا سەرباری ئەوەی ناتوانێت سەردانی ناوچەکانی هەولێر و دهۆک بکات، بەڵام لە سلێمانی و موسڵەوە سەرپەرشتی عەشیرەتەکەی دەکات و رێنماییان پێدەدات.

جەوهەر محیەدین ئاغا بە فەرمی کار بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات و بەتوندی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەستاوەتەوە، ئەمەش هۆکاری نیگەرانی پارتی و تۆمەتبار کردنی هەرکییە ناڕازییەکانە بەوەی "دەستی دەرەکی" جوڵێنەریانە. 

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕابردوودا هەوڵیدا پاڵپشتی کەسایەتییە هەرکییەکانی نزیک لە خۆی بکات و جێ بە جەوهەر محیەدین ئاغا لێژ بکات، بەڵام ڕووبەڕووی گرفت بوویەوە و نەیانتوانی ئینتیمای هەرکییەکان بۆ بنەماڵەی محیەدین ئاغا لاواز بکات.

لەکاتێکدا ئەندام و کادیرانی پارتی زۆرجار بە "گۆڕی مەلا مستەفا بارزانی" سوێند دەخۆن، ئەندامانی عەشیرەتی هەرکیش لەکاتی کێشەکەدا لەگەڵ پارتی دووچاری کاردانەوە دەبن و "گۆڕی محێ" دەبێتە سەرچاوەی سوێندەکانیان.

"محێ" لە نێو هەرکیدا ئاماژەیە بۆ محیەدین ئاغای سەرۆک عەشیرەتی هەرکی، کە لە ئێستادا جەوهەر ئاغای کوڕی سەرۆکایەتی عەشیرەتەکە دەکات و ناکۆکە لەگەڵ پارتیدا.

گەورەترین گرفتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووبەڕووبونەوەی عەشیرەتی هەرکی ئەوەیە، زۆربەی ئەندامانی عەشیرەتەکە چەکدارن و هێرشکردنە سەریان دەبێتە لەکەیەکی گەورە بە سەر ئەو حزبەوە، بەوپێیەی خەڵکی عەشایەر و سڤیلن.

گرفتێکی تر کە بەرۆکی پارتی گرتووە ئەوەیە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی عەشیرەتی هەرکی پارتین و لەهەموو ئۆرگانە حزبی و سەربازییەکاندا بونیان هەیە، لەکاتێکدا ئەندامانی ئەو عەشیرەتە بەوە ناسراون لەکاتی کێشەدا پشت لە حزب و ڕوو لە عەشیرەت دەکەن.


پارتی و هەرکی؛ لە خەباتەوە بۆ لاجان

لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ، دەنگدانەوەی شەڕی نێوان هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی پارتی و ئەندامانی عەشیرەتی هەرکی سنورەکانی هەرێمی تێپەڕاند، شەڕەکە بە کوژرانی کارمەندێکی سەربازیی و گوندنیشینێکی هەرکی کۆتایی هات.

سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی مانگی تەمموزی قەزای خەبات، ناکۆکی نێوان عەشیرەتی هەرکی و گۆران بوو لەسەر زەویوزار، بەڵام دواتر شەڕەکە گۆڕا بۆ شەڕی نێوان هەرکی و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان.

بەشار موشیر ئاغای سەرۆک عەشیرەتی گۆران، کەسایەتییەکی حساب بۆ کراوە لەلایەن پارتییەوە، لەکاتێکدا جەوهەر محیەدین ئاغا ناکۆکە لەگەڵ پارتیدا و ناتوانێت سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حزبە بکات.

سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی مانگی تەمموزی نێوان هەرکی و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان پەیوەندی هەبوو بەوەی، ئەندامانی عەشیرەتی هەرکی پێیانوابوو پارتی پشتگیری نەیارەکەیان دەکات و تۆڵەی سەرۆک عەشیرەتە "قاچاخەکەیان" لێدەکاتەوە، بۆیە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بونەوە.

هەرچەندە هەڵگیرسانەوەی ناکۆکی نێوان پارتی و عەشیرەتی هەرکی لەسنوری گوندی لاجانی سەر بە ناحیەی گوێر، پەیوەندی بە ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندەکەوە هەبوو لەوەی هەلی کاریان لە کۆمپانیای لاناز بۆ ناڕەخسێنرێت، بەڵام دیسانەوە سەری کێشەکە گرێدرایەوە بە جەوهەر محیەدین ئاغاوە.

میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو ئاماژەیەک بۆ جەوهەر محیەدین ئاغا، هۆکاری ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان بۆ دەستی دەرەکی دەگێڕنەوە، لەکاتێکدا جەوهەر ئاغاش بە ئاشکرا داوای ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی دەکات.

بەمپێیە هەرچەندە ئاڵۆزی و ناکۆکی نێوان ئەندامانی عەشیرەتی هەرکی و پارتی لەسەر کێشە ڕۆژانەییەکانن، بەڵام دواجار سەرێکی کێشەکان بۆ ناکۆکی نێوان پارتی و بنەماڵەی جەوهەر محیەدین ئاغا دەگێڕدرێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو