ساڵێک و ٤٢ ڕۆژ لە چاوەڕوانی؛ ئایا گرێی پێکهێنانی حکومەت بووە بە گرێکوێرە؟

٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٥٥ پاش نیوەڕۆ

ساڵێک و ٤٢ ڕۆژ لە چاوەڕوانی؛ ئایا گرێی پێکهێنانی حکومەت بووە بە گرێکوێرە؟

پەنجەرە

دوای تێپەڕبونی ساڵێک و ٤٢ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، بەڵام هێشتا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە.

پێکهێنانی حکومەت لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دووچاری چەقبەستن بوە، لەکاتێکدا هێز و لایەنەکانی تر بەشێکیان ئۆپۆزسیۆن بونیان راگەیاندوە و هەندێکی تریشیان لەنێوان ئەو دوو هێزەدا گیرۆدە بون.

کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، رەوتی هەڵوێست ئۆپۆزسیۆن بونی خۆیان ڕاگەیاندووە، نەوەی نوێ چاوەڕێی دوایین هەڵوێستی سەرۆکەکەی و بەرەی گەلیش بە مەرج بەشداری حکومەت دەکات.

بورهان رەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، بە پەنجەرەی راگەیاند: ئەگەر لەگەڵ پارتی بگەینە ئەنجام، بەشداری حکومەت دەکەین.

لەکاتێکدا بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ئاماژە بەچڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکەن، بەڵام لەسەر ئاستی میدیا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتری بەردەوامە.

مانگێک دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی وەکو براوەی هەڵبژاردن لیژنەی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان پێکهێنا، بەڵام دوای ساڵێک هيشتا دۆخەکە گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

لە رۆژی 22 ی مانگی 11 ی 2024، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: لەم ڕۆژانەدا دەست بە گفتووگۆ دەکرێت لە نێوان هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پەرلەمان دەست بەکاربێت و هەنگاوەکانی تریشی بەدوادا بێت.

ئاڵۆزی نێوان یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جۆرێک گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی هەرێم هێناوەتە ئاراوە، بۆیە سەرباری ئاڵۆزی نێوانیان ئەو دوو حزبە ناچارن پێکبێنەوەو پێکەوە حکومەت دروست بکەن.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی راگەیاند: مەرجی یەکێتی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەوەیە دەبێت یەکێتی کارەکتەری سەرەکی پێکهێنانی حکومەت بێت، نەک بەشداری لە حکومەت دا بکات.

هەروەها وتیشی: بێگومان یەکێتی مافی خۆیەتی داوای یەکێک لە پۆستە باڵاکانی وەکو سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی هەرێم بکات.

ناچاربوونی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانەوەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا زۆرترین کێشەو مشتومڕ لەنێوانیان دا ڕوویداوە، یەکێتی، پارتی بە پەراوێزخستنی و پارتیش یەکێتی بە بەشداری حکومەت و مامەڵەکردن وەک ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکرد.

بەرپرسانی پارتی دەڵێن، گوتاری یەکێتی سیاسی و واقیعی نییە، چونکە یەکێتی حوکمڕانی بەشێکی کوردستانەو بەشێکی پۆستە باڵاکانی حکومەتیشیان لایە، بۆیە پەراوێزخراوی یەکێتی رەتدەکەنەوە.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی،یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیش کورسییەکی بەدەستهێناوە.

هەرچەندە پارتی و یەکێتی لەسەر پۆست و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو ناکۆکن، بەڵام بەڕای چاودێران هیچ رێگەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە جگە لەرێککەوتن و پێکهێنانی حکومەت و پێکەوە کارکردن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو