شارەزایەکی وزە بۆ پەنجەرە: عێراق داوای زیادکردنی بەرهەمی کۆرمۆر دەکات نەک ڕاگرتنی
٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شارەزایەکی بواری وزە دەڵێت، زانیاری هەڵە بە پێگەی "ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی" دراوە سەبارەت بە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، چونکە حکومەتی عێراق داوای فراوانکردنی کێڵگەکە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کردووە.
پێگەی "ئەلمۆنیتەری ئەمریکی" ڕاپۆرتێکی لەبارەی کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایگەیاند: گرژییەکانی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ دەنێنە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردووە و حکومەتی هەرێمیش بە تووندی ڕەتیکردووەتەوە.
بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری وزە، بە پەنجەرەی راگەیاند: زانیاری هەڵە دراوەتە پێگە ئەمەریکییەکە، بەپێچەوانەوە عێراق داوای فراوانکردن و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کردووە.
دەشڵێت: دوێنێ دووشەممە، لیژنەیەکی ئەمنی عێراق تا درەنگانێکی ئێوارە لە کێڵگەی کۆرمۆر بوون، گفتووگۆ لەسەر دابینکردنی ئەمنییەت و ڕێگریکردن لە دووبارە نەبونەوەی هێرش بۆ سەر کێڵگەکە کرا.
هەر ئەمڕۆش کۆمپانیای دانا گاز کە سەرکارە لە کێڵگەی کۆرمۆر، ڕەتیکردەوە حکومەتی عێراقی وەها داوایەکی لێکردبن بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنان.