سودانی لە نێو بۆسەدا؛ گومانی لە لایەنە شیعەکان هەیە و جوڵەی دەستپێکرد

٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٤٧ پاش نیوەڕۆ

سودانی لە نێو بۆسەدا؛ گومانی لە لایەنە شیعەکان هەیە و جوڵەی دەستپێکرد

پەنجەرە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەرانە و گومانی لە لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەمانگی هەیە، بۆیە لەڕێگەی هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان”ەوە، پەیامێکی دا بەگوێی لایەنە شیعەکاندا .

هەریەک لە نوری مالکی، محەمەد شیاع سودانی، حەیدەر عەبادی، حەمید شەتری، عەبدولحسێن عەبتان و ئەسعەد عیدانی   وەکو کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناویان دەهێنرێت.

محەمەد شیاع سودانی پێیوایە، کاندید کردنی ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و زیندوو کردنەوەی مالکی لەبەرامبەریدا، پلانێکە بۆ ئەوەی مالکی بکرێتە بیانوو بۆ دووخستنەوەی هەردووکیان و دواتر کەسایەتییەکی تر کاندید بکرێت بۆ پۆستەکە.

دوای هەستکردنی بە پلانی لایەنە شیعەکان بۆ دوورخستنەوەی و کاندید نەکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سودانی یەکەم جوڵەی  ئاشکرای دەستپێکرد و هاوپەیمانێتییەکەی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیەنراوێکدا، هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان” کە لەلایەن سودانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت،  پێداگیری کرد لەسەر کاندید کردنەوەی سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

هەرچەندە “هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان” گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی نێو هێزە شیعەکانە، بەڵام پێناچێت بتوانێت ئەمە بکاتە بیانوو بۆ کاندید کردنەوەی سودانی، چونکە کاتێک ناوبراو بۆ پيکهێنانی حکومەت راسپێردراوە خاوەنی کوتلەی پەرلەمانی بەهێز نەبووە.

سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، بە پەنجەرەی راگەیاند: دیراسەی ناو زۆر دەکرێت تا کاندید بکرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و حەیدەر عەبادیش لەنێو ناوەکاندایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو