ئەمەریکا لەلایەن عێراقەوە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێرشی سەر کۆرمۆر ئاگادار دەکرێتەوە 

٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٢٥ پاش نیوەڕۆ

ئەمەریکا لەلایەن عێراقەوە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێرشی سەر کۆرمۆر ئاگادار دەکرێتەوە 

پەنجەرە

لەکاتێکدا ئەو لیژنەیەی حکومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر پێکیهێنا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا ناکات، بەڵام بە فەرمی ئەمەریکا لە وردەکاری ڕووداوەکە ئاگادار دەکرێتەوە.

د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەمەریکا خۆی وردەکاری بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر دەزانێت، ئەوەی عێراق پێیدەڵێت ئاگادار کردنەوەی فەرمییە.

دەشڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت ڕۆڵی ئەو هێزانە بزانێت کە لە لیستی تیرۆردان و ورد ببێتەوە لە چۆنیەتی تێوە گلانیان لە بۆردومانکردنی کێڵگە غازییەکەدا.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، لیژنەکەی عێراق گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بۆردومانی کێڵگەکە لە قەزای خورماتوەوە کراوە و زانیاری وردیشی لەسەر گروپە هێرشبەرەکە دەستکەوتووە.

سەرباری لێکۆڵینەوەی ورد لەلایەن لیژنەکەی عێراقەوە لەبارەی بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت وردەکاری لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.

د. سەردار عەزیز دەڵێت: گروپەکان لەسەر راسپاردەی وڵاتێکی دراوسێ هێرشەکەیان ئەنجامداوە و عێراقیش لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدایە، بۆیە ئاشکرا کردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە قورسە لەمکاتەدا.

زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، بۆردومانکردنی ئەمجارەی کێڵگەی کۆرمۆر دەنگدانەوەی گەورەی لەنێو ناوەندە دیپلۆماسییەکاندا هەبووە و ئەمەریکاشی بە تەواوی نیگەران کردووە.

د. سەردار وتی: ئەمەریکا دەیەوێت عێراق سەربەخۆیی هەبێت لەبواری وزەدا، ئاگادار کردنەوەی ئەمەریکا لەلایەن عێراقەوە لە بۆردومانەکە بەشێکە لەو پرۆسەیەی بۆچی عێراق ناتوانێت لەو بوارەدا سەربەخۆ بێت.

دەشڵێت: ئەگەر ڕێگری نەکرێت دەتوانرێت کێڵگەی کۆرمۆر فراوان بکرێت و بەشێک لە پێداویستییەکانی عێراق لە بواری وزە دابین بکات، ئەمەریکاش ئەمەی دەوێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو