مەسعود بارزانی و دەوڵەت باخچەلی؛ تەقینەوە بەڕووی یەکتریدا 

٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٣٢ پاش نیوەڕۆ

مەسعود بارزانی و دەوڵەت باخچەلی؛ تەقینەوە بەڕووی یەکتریدا 

پەنجەرە

هەرچەندە سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بۆ باکوری کوردستان، وەڵام و وەڵامکاری لە نێوان دەوڵەت باخچەلی و بارەگای بارزانیدا دروستکرد، بەڵام چاودێران پێیانوایە هەردوولایان بۆ جەماوەری خۆیان دەدوێن و ناکۆکی نێوانیان چوارچێوەی گوتار تێناپەڕێنێت.

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی باکوری کوردستانی کرد بۆ بەشداریکردن لە "سیمپۆزیەمی مەلای جزیری"، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کاردانەوەی توندی نواند.


 بارزانی و باخچەلی؛ لە سەردانێکی ئاساییەوە بۆ ئاڵۆزی

لە سەردانەکەی مەسعود بارزانیدا بۆ باکوری کوردستان، هێزێکی ئەمنی و سەربازی هەرێمی کوردستان پارێزگارییان لە ناوبراو کرد و ئەمەش دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی بەدەنگهێنا.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، ئەو سیمپۆزیۆمەی بە "شانۆگەری"وەسفکرد، کە بارزانی بەشداربوو تێیدا و رایگەیاند: شەرمەزارییە سەربازی بیانی ببینین لە نیشتمانەكەمان بە چەكەوە بێن و بچن. 

هەروەها وتیشی: مافە سەروەرییەکان و یاساکانی کۆماری تورکیا پێشێلکران، ئەوە هێرشێکی بە ئەنقەستە بۆ سەر ناوبانگی کۆماری تورکیا. 

بارەگای بارزانیش بە توندی وەڵامی دەوڵەت باخچەلی دایەوە و قسەکانی بە شۆڤێنی و دوور لە هەموو عورفێک لێکدایەوە، رایگەیاند: هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. 

بارەگای بارزانی دەشڵێت: ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.

"گۆرگە بۆرەکان" رێکخراوێکی رەگەز پەرستی تورکی بوە و لەلایەن مەهەپەوە دامەزرێنەراوە، بۆیە وەڵامەکەی بارەگای بارزانی بە وەڵامێکی توند بۆ دەوڵەت باخچەلی لێکدەدرێتەوە.


دەوڵەت باخچەلی؛ لە دانوستانەوە بۆ هێرش 

هێرشی دەوڵەت باخچەلی بۆ سەر شێوازی سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەکاتێکدایە، ناوبراو یەکێکە لەو سیاسەتمەدارە دیارانەی تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەت و پەکەکەدا دەکات.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، گوتارەکەی باخچەلی دژی سەردانەکەی بارزانی بەشێکی کاردانەوەیە، بەوپێیەی باخچەلی هەموو ژیانی سیاسی بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد بەرێکردووە.

چاودێران دەڵێن، ئامانجی سەرەکی دەوڵەت باخچەلی لە هێرشکردنە سەر بارزانی راگرتنی دڵی جەماوەرەکەیەتی، چونکە لایەنگرانی حزبەکەی بەوە رازی نابن سەرکردەیەکی کورد سەردانی تورکیا بکات و هێزی کوردی پارێزگاری لێبکات. 

لایەنگرانی مەهەپە بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو لە سەر ئەو "چیرۆکە" راهێنراون، "تورکیا وڵاتی تورکە و ئەوەشی تورک بێت خۆشبەختە"، لە کاتێکدا سەردانەکەی بارزانی بەوجۆرە پێچەوانەی ئەمەیە.

چاودێران پێیانوایە، باخچەلی بۆ دوور خستنەوەی گومان لەسەر خۆیی و خۆ بەدوور گرتنی لە هێرشی نەیارەکانی رەخنەی لە شێوازی سەردانەکەی بارزانی گرتووە. 

بەڕای چاودێرانی سیاسی، هێرشەکانی باخچەلی و بارەگای بارزانی بۆ سەر یەکتری یەک ئامانجی لە پشتەوەیە و بۆ رازیکردنی لایەنگرانیانە، بارزانی بۆ شەقامی کوردی و باخچەلیش بۆ شەقامی تورکی دوا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو