وتەبێژی پۆلیسی هەرێم بۆ پەنجەرە: ئێمە حکومەتین و حزبایەتی ناکەین
٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی جیاوازیکردن لەنێوان بەڕێوبەرایەتییەکانی پۆلیس، وتەبێژی پۆلیسی هەرێم دەڵێت: ئێمە حکومەتین و حیزبایەتی کاری ئێمە نییە.
بەوتەی سێ ئەفسەر لە سنووری سلێمانی کە قسەیان بۆ پەنجەرە کرد، هەست بەوەدەکەن جیاکاریی دەکرێت لە ڕاییکردنی مامەڵەکانیاندا لە سەرەوەیاندا، بەشێوەیەک لایەنداریی حزبیی و ناوچەیی ڕەچاودەکرێت.
لەبارەی ئەم ڕەخنەیەوە، کارزان ئەمیر، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاری حیزبی لەناو پۆلیس بەڕێ ناکرێت، نوسراوی هەڵەبجە و ڕاپەرین و سلێمانی، لەگەڵ نوسراوی دهۆک و هەولێر بە یەک پۆستە "بەرید" دێتە پێش بەڕێوبەری گشتی.
وتیشی: پەیوەندییمان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی پۆلیس باشە و هەر بەڕێوبەرایەتیش "ئیستحقاقی" خۆی وەرگرتووە.
دەشڵێت: "لەناو پۆلیسدا حیزبایەتی نییە، ئێمە حکومەتین و کاروباری حیزبی بۆ حیزب جێدێڵین، هیچ شتێکی واشنەکراوە کە ئەم کەسە لە فڵانە زۆنە مامەڵەکەی بۆی بکرێت و ئەوەکەی تر لە فڵانە زۆنە بۆی نەکرێت".