"ڕەنگە ئیتر زستان نەبینین"؛ عێراق ڕووبەڕووی کورتترین زستان دەبێتەوە

٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٥٣ پاش نیوەڕۆ

"ڕەنگە ئیتر زستان نەبینین"؛ عێراق ڕووبەڕووی کورتترین زستان دەبێتەوە

پەنجەرە

ڕوانگەی "عێراقی سەوز" ڕایدەگەیەنێت زستانی ئەمساڵ کورتترین وەرزی زستان دەبێت لە مێژووی عێراقدا و ڕەنگە لەداهاتوودا وڵاتەکە زستان هەر نەبینێت.

ڕوانگەکە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرەڕای ئەوەی چەند مانگێکە عێراق بە فەرمی پێی ناوەتە وەرزی زستانەوە، بەڵام دۆخی کەشوهەوا هیچ ئاماژەیەک بە هاتنی ئەو وەرزە نادەن."

دەشڵێت: هێشتا پلەکانی گەرما لە کاتەکانی نیوەڕۆدا بەرزن و شەپۆلی سەرما تەنها لە شەوان و کاتە سەرەتاییەکانی بەیانیاندا هەستی پێدەکرێت، کە ئاستەکەشی توند نییە.

ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆکاری ئەم کورتە زستانەی بۆ کاریگەرییە نەرێنییەکانی "گۆڕانی ئاوهەوا" گەڕاندەوە و جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و چارەسەری ڕیشەیی کردەوە، بۆ ئەوەی وەرزەکانی ساڵ بۆ دۆخی سروشتیی خۆیان بگەڕێنەوە.

بەپێی داتاکانی ڕوانگەکە، لە ساڵانی ڕابردوودا وەرزی زستان لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێدەکرد و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبوو، بەڵام لە ئێستادا هاووڵاتییان تا ئەم ساتەش هەستیان بە سەرمای توند نەکردووە و پێدەچێت وەرزەکە لە کۆتایی مانگی شوبات یان ئازاری داهاتوودا کۆتایی پێ بێت.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە بەوەی ڕەنگە لە ساڵانی داهاتوودا وەرزی زستان بەتەواوی لە عێراقدا ون بێت یان کەشەکەی تەنها دۆخێکی گەرم و شێدار بێت، لەبەرامبەردا وەرزی هاوین درێژتر ببێتەوە و لە مانگی نیسانەوە دەستپێبکات تا تشرینی یەکەم.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێستگەی كەشناسی سلێمانی، تێکڕای پلەی گەرمای مانگی ڕابردوو "تشرینی دووەم"، ١،٦ پلە گەرمتر بووە لەچاو ساڵی پار. هاوکات بڕی بارانبارینیش لە سلێمانی، ئەمساڵ ٥٨،٩ ملم بووە، لەکاتێکدا تێكڕای بارانی ساڵانەی ئەم مانگە لە ساڵەکانی تردا ٨٣ ملم بووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو