سەرۆکی ئەرکانی فیرقەی 4ـی پێشمەرگە بۆ پەنجەرە: هەوڵدەدرێت پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتدا کۆبکرێتەوە و تەنها لەو فەرمان وەربگرێت
٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی ئەرکانی فیرقەی 4ـی وەزارەتی پێشمەرگە پێیوایە دەرفەتێکی گرنگ بۆ هێزی پێشمەرگە رەخساوە، تا بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکبخرێنەوە و سەرجەم هێزەکان بخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەوە.
عەمید روکن- دلێر مەحمود مستەفا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەڤەردا تەنها گۆڕینی ناو نییە، ئەمە چاکسازییە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
بڕیار وایە هێزەکانی 70ـی یەکێتی و 80ـی پارتی لە چوارچێوەی ناوی "دەڤەری یەک و دوودا رێکبخرێنەوە و 11 فیرقەیان لێدروست بکرێت، لە ئێستادا نزیکەی 4 فیرقە لەو هێزانە پێکهێنراوە.
هەرچەندە رێکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 لە چوارچێوەی دەڤەری یەک و دوودا بەشێکە لەو بەرنامەیەی بۆ چاکسازی لەناو هێزی پێشمەرگەدا دانراوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە بە یەکخستنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە دادەنرێت.
عەمید روکن دلێر دەڵێت: لەکاتی گۆڕانکاریدا خوێنی نوێ و خەڵکانی پرۆفیشناڵ دێنە پێشەوە، چونکە کارەکان بەپێی سیستەم ئەنجام دەدرێن و کەسەکانیش بە مەرج لە شوێنەکان دادەنرێن.
هەرچەندە رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی پرۆژەی چاکسازیدایە، بەڵام بە ڕای شارەزایانی بواری سەربازیی، تا هێزەکانی پێشمەرگە لە سەر بیروباوەڕی جەنگی نیشتمانی پەروەردە نەکرێن، یەکگرتن و یەکخستنەوەی پێشمەرگە ئەستەم دەبێت.
عەمید دلێر وتیشی: دەڤەری یەک هەمووی یەکەی هەشتایە، دەڤەری دووش هەمووی یەکەی حەفتایە، بەڵام بەپێی بەرنامەی هاوپەیمانان هەوڵ دەدرێت لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆبکرێنەوە و فەرمان لە وەزارەت وەربگرن.