زانیارییەکانی پەنجەرە پشتڕاستکرایەوە؛ بەغدا شوێنی هێرشەکەی کۆرمۆری دیارییکرد

٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٠٢ پاش نیوەڕۆ

زانیارییەکانی پەنجەرە پشتڕاستکرایەوە؛ بەغدا شوێنی هێرشەکەی کۆرمۆری دیارییکرد

پەنجەرە

لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە کە پێشتر "پەنجەرە" لەبارەی سەرچاوە و شوێنی هەڵدانی درۆنەکانەوە بڵاویکردبووەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە چوارشەممە (٣ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥) بڵاوکراوەتەوە، لیژنەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هێرشەکە لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و شوێنی دەرچوونیان ناوچەکانی "باشووری کێڵگەکە و لە ڕۆژهەڵاتی قەزای دووزخورماتوو" بووە.

ئەم دانپێدانانەی حکومەتی عێراق هاوتایە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کە پێش شەش رۆژ پەنجەرە بڵاویکردبووەوە (لینکی هەواڵەکە لە کۆمێنتە) کە تێیدا ئاشکرای کردبوو هێرشەکە لە دیوی قەزای دووزخورماتوو و لەنێوان گوندەکانی (شاسەیوان و یەنگیجە)ـەوە ئەنجامدراوە، کە ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان و حەشدی تورکمانیدایە.

لە راپۆرتەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەدا هاتووە، ئەمە یازدەهەمین جارە لە هەمان ناوچەی "ڕۆژهەڵاتی دووزخورماتوو"ـەوە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەکە، هەروەها ناسنامەی ئەنجامدەرانیان دیاری کردووە و بە "کەسانی لەیاسا دەرچوو" ناوی بردوون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو