سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەنجەرە: دانانی حیزبوڵڵا و حوسییەکان لە لیستی تیرۆر کۆتایی بە سودانی هێنا
٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی حکومەتی عێراق حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەنی خستە نێو لیستی تیرۆرەوە و دواتر لە بڕیارەکەی پاشگەز بویەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت ئەو متمانە کەمەی لەنێوان میلیشیاکان وسودانیدا هەبو کۆتایی هات.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دانانی حیزبوڵڵا و حوسییەکان لە لیستی تیرۆر و پاشگەز بوونەوە لە بڕیارەکە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق دوودڵە و دەیەوێت لەلایەک ئەمەریکا ڕازی بکات، لەلاکەی تریش لە ئێران و میلیشیاکان دەترسێت.
سەرچاوەکە دەڵێت: دوای پاشگەزبونەوەی لە بڕیارەکەی، هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر میلیشیاکان لاواز دەبێت، ئەو متمانە کەمەی لەنێوان سودانی و میلیشیاکان دا هەبوو کۆتایی هات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، سودانی بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەمەریکا، حیزبوڵڵا و حوسییەکانی خستە نێو لیستی تیرۆرەوە، بەڵام بڕیارەکەی بۆ نەچووەسەر و لێی پاشگەز بوویەوە.
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ دانانی حیزبوڵڵا و حوسییەکان لە لیستی تیرۆر، لە ڕۆژی 17ـی مانگی ڕابردووەوە دراوە، بەڵام کاتێک بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا بڵاو کرایەوە، حکومەتی عێراق بە پاساوی پاکنووس نەکردن، لێی پاشگەز بوویەوە.