مارک ساڤایا و میلیشیا شیعەکان؛ سەرەتا نیگەرانیی دواتر هەڕەشە

٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٢٢ پاش نیوەڕۆ

مارک ساڤایا و میلیشیا شیعەکان؛ سەرەتا نیگەرانیی دواتر هەڕەشە

پەنجەرە

مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و میلیشیا شیعەکان ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، هۆکارەکەشی بۆ توڕەیی میلیشیا شیعەکان لە لێدوانەکانی ساڤایا دەگێڕدرێتەوە.

پێش ئەوەی ئەمەریکا بەجێبهێڵێت و ڕوو لە بەغدا بکات، مارک ساڤایا جوڵە سیاسییەکانی بە هێرش بۆ سەر میلیشیا شیعەکان دەستپێکرد و ڕایگەیاند: گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە و دەبێت میلیشیاکان لە چەک دابماڵرێن.

لایەنە شیعەکان لە گوتارەکانی ساڤایا نیگەرانن و پێیانوایە زۆربەی گوتارەکانی دژ بە ئەوانە و دەیەوێت دەستوەردان لەکاروباری عێراقدا ئەنجام بدات، هەروەک تۆمەتباریشی دەکەن بەوەی سنورە دیپلۆماسییەکانی بەزاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، مارک ساڤایا مشتومڕی لەنێو لایەنە شیعەکان دا دروستکردووە، بەشێکیان پێیانوایە دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و عێراق لە ڕوودانی ئاڵۆزی بەدوور بگیرێت.

مارک ساڤایا لەلایەن بەشێکی تر لەلایەنە شیعەکانەوە بە بێ ئەزموون ناو دەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو لایەنانە بۆچوونیان وایە ساڤایا توانای بەڕێوەبردنی ئەرکەکەی و مامەڵەکردنی ژیرانەی لەگەڵ کێشەکاندا نییە.

ساڤایا بە گوتارەکانی هێندە میلیشیا شیعەکانی توڕە کردووە، ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبا ڕایگەیاند: "ئەگەر مارک ساڤایا بێدەنگ نەکەن، موقاوەمەی ئیسلامی بەردێک دەخاتە قوڕگییەوە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو