پارتی بەنیازی دەستگیرکردنی جەوهەر ئاغای هەرکییە

٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٢٦ پاش نیوەڕۆ

پارتی بەنیازی دەستگیرکردنی جەوهەر ئاغای هەرکییە

پەنجەرە

دوای بڵاوکردنەوەی "دانپێدانانی" بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قەزای خەبات، سەرچاوەیەکی سیاسی باس لەوەدەکات هەنگاوی دهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنە بۆ جەوهەر ئاغای هەرکی.

ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم "پارتی"، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە وەکخۆی دەڵێت دانپێدانانی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە قەزای خەبات- نێچیروان هەرکییە کە لە شەوی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان دەستگیرکرا.

لەو ڤیدیۆیەدا بەرپرسەکەی کۆمیتەی خەباتی یەکێتی باس لەوەدەکات بە داواکاریی جەوهەر ئاغای هەرکی و کوڕەکەی و بەرپرسێکی میلیشیای سەیدولشوهەدای حەشدی شەعبی، هەستاوە بە درووستکردنی ئاڵۆزیی لە قەزای خەبات.

بەوتەی سەرچاوەیەکی سیاسی بۆ پەنجەرە، دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، هەنگاوی داهاتووی پارتی بریتیی دەبێت لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ جەوهەر ئاغای هەرکی و کوڕەکەی.

وتیشی: هاوکات پارتی لەپاڵ ئەو فەرمانەدا، دەشیەوێت گەشتکردن لە ناوبراو قەدەغە بکات.

جەوهەر ئاغا، سەرۆکی هۆزی هەرکییە، بەوهۆیەی ناکۆکیی هەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگەی هاتنە هەولێر و دهۆکی پێنادرێت و لە پارێزگای موسڵ نیشتەجێیە.

ناوبراو لەئێستادا لە ڕیزەکانی یەکێتی دایە و لە سلێمانیش شوێنی مانەوەی هەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو