هەرکی جەوهەر ئاغا بۆ پەنجەرە: ئامادەین بۆ دادگاییەکی نێودەوڵەتی
٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرکی جەوهەر ئاغاـی کوڕی سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی، "دانپێدانانەکەی" ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە "سیناریۆ" ناودەبات و دەڵێت: با هەردوولامان بچینە دادگایەکی نێودەوڵەتی.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، تیایدا نێچیروان هەرکی- بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی لە قەزای خەبات باس لە بوونی پیلانێک دەکات بۆ درووستکردنی گرژی و ئاڵۆزیی لە سنووری هەولێر و دهۆک، کە جەوهەر ئاغای سەرۆک هۆزی هەرکی و کوڕە گەورەکەی کە ناوی هەرکییە، لەگەڵ بەرپرسێکی کەتائیبی سەیدولشوهەدای حەشدی شەعبی، بەئامادەکردنی "پیلانەکە" تۆمەتبارکران.
لەوبارەیەوە هەرکی جەوهەر ئاغا، بە پەنجەرەی وت: پارتی ئەوەی بڵاویکردووەتەوە بە ڕاست دەزانێت و ئێمەش بە سیناریۆ، لەم نێوەندەدا داوادەکەین بچینە دادگایەکی نێودەوڵەتی، با دادگاکە ساغی بکاتەوە ئەو قسانە تۆمەتن یان ڕاستی.
وتیشی: "بڕیاری دادگاکە هەرچی بوو ئێمە پێوەی پابەندین."
دەربارەی پەیامەکانیان لەو گرژییانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لاجان و خەبات ڕوویاندا، هەرکی جەوهەر ئاغا وتی: ئێمە داکۆکیمان لە ڕۆڵەی خۆمان کردووە و هەرگیز پەشیمان نین و پاشگەزنابینەوە لە داکۆکیکردنەکەمان.