وتەبێژی دەستەی ژینگە: زۆربەی پاڵاوگەکان لەشوێنی نیشتەجێبوون نزیک بوونەتەوە
٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:١٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم باس لەوەدەکات بەهۆی گەشەی دانیشتووانەوە،
زۆربەی پاڵاوگەکان لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان نزیک بوونەتەوە.
د. سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگە و بەڕێوبەری فەرمانگەی وشیارکردنەوە و ڕاگەیاندنی دەستەی ژینگە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پاڵاوگە دەبێت 5 کم لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە دوور بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاریی لە نەخشەسازیی شارەکان ڕوویداوە، زۆربەی کارگەکان ئێستا نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوون.
وتیشی: ئێمە پێمان باشە ئەو کارگانە ڕەچاوی ڕێنماییەکانی ژینگە بکەن، یان شوێنێکی دیکەیان بۆدابین بکەن کە دووربێت لە شوێنی نیشتەجێبون.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 200 پاڵاوگەی سوتەمەنی نافەرمیی لە هەرێمدا هەن.
بەپێی زانیارییەکان، (140) پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر و (28) پاڵاوگە لە دهۆک و (24) پاڵاوگەی نایاسایی لە سلێمانی هەن.
وتەبێژی دەستەی ژینگە، ئاماژەی بەوەکرد، لەکۆی پاڵاوگەکان تەنها 3 دانەیان مۆڵەتی یاساییان هەیە، ئەوەکانی دیکە بەنایاسایی هەژمار دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان ئەو سێ پاڵاوگەیەی کە یاسایین، (کار، قەیوان و تاوکێ)ـن.