د. یاسین تەها: سودانی زۆر کاری نهێنی بەبێ ئاگاداری لایەنە شیعەکان ئەنجامداوە

٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٤٣ پاش نیوەڕۆ

د. یاسین تەها: سودانی زۆر کاری نهێنی بەبێ ئاگاداری لایەنە شیعەکان ئەنجامداوە

پەنجەرە

شارەزایەکی بواری کاروباری عێراق دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر کاری نهێنی بە بێ ڕەزامەندی لایەنە شیعەکان ئەنجامداوە، ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو شتی تری نهێنی ئاشکرا بن.

د. یاسین تەها، شارەزای بواری کاروباری عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بڕیاری دانانی حیزبوڵڵا و حوسییەکان لە لیستی تیرۆر ڕۆیشتووەتە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پابەندی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و لێی پاشگەز بوویەوە.

دەشڵێت: ترەمپ دانی بەوەدا نا سودانی کاندیدی کردووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، لەکاتێکدا ترەمپ بەلای شیعەوە بڕیاردەری کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسە و نەفرەتلێکراوە، بۆیە ئەم کارانەی سودانی ریسک بوون.

ئاشکرابونی هەنگاوە نهێنییەکانی سودانی دژ بە خواستی لایەنە شیعەکان لەکاتێکدایە، ئەو لایەنانە دەیانەوێت سودانی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووربخەنەوە و ناوبراویش هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەی دەدات.

د. یاسین تەها، دەڵێت: ڕەنگە سودانی شتی تری لە ڕێگەی ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداوەوە کردبێت و ڕۆژانی داهاتوو ئاشکرا ببن.

دەشڵێت: باوەڕێکی زاڵ هەیە دانانی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق پەیوەندی بە ڕەزامەندی ئەمەریکاوە هەیە، نەک ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕای لایەنە شیعەکان.

هەرچەندە ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیاری دانانی حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆر لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر محەمەد شیاع سودانی لە بڕیارەکە پاشگەز بویەوە و خۆی لێ بێبەریی کرد.

د. یاسین تەها وتی: سودانی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و هەڵچوونی لایەنە شیعەکان بوویەوە، میلیشیاکان توڕەیی و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام هیچ لایەنێک هەڕەشەی جدی لە سودانی نەکرد.

هەروەها وتیشی: شیعەکان بۆیە هەڕەشەیان لە سودانی نەکرد  خۆیان ئاگاداری دۆخی ناوچەکەن، ئەگەر عێراق بچێتە نێو ململانێوە ڕەنگە دۆلاری پێنەدرێت یاخود بانکەکانی سزا بدرێت.

بەپێی وتەی د. یاسین تەها، ڕەنگە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەنگاوی نوێ بنێت و دواتر دەربکەوێت، هەنگاوی وەکو گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی بەغدا لە "ئەبو مەهدی موهەندیس"ـەوە بۆ ناوی تر، یاخود لابردنی ئەو پەیکەرانەی دروستکراون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو