چۆن بڕیار لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا بڵاودەکرێتەوە؟
٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی بڕیاری دانانی حیزبوڵڵا و حوسییەکانی یەمەن لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا بڵاوکرایەوە، حکومەتی عێراق لە بڕیارەکە پاشگەز بویەوە و بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەی بە هەڵە وەسفکرد.
بڵاوکردنەوەی هەر بڕیارێک لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراق کەناوی "وەقایعی عێراقی"یە، پێویستی بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن هەیە، بۆیە گوماندەکرێت هیچ بڕیارێک لەو ڕۆژنامەیەدا بە هەڵە بڵاوبکرێتەوە.
بەپێی ڕێنماییەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی بڕیار لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراق دا، دەبێت بڕیارەکە بە کۆمەڵێک فلتەردا تێپەڕی بێت و وردبونەوەی بۆ کرابێت، هەروەها دەبێت کۆپی ئەسڵی بڕیارەکە هاوتا بێت لەگەڵ ئەو کۆپیەدا کە خراوەتە نێو سی دییەوە.
دەبێت سەرجەم لاپەڕەکانی بڕیارەکە مۆر کرابن لەلایەن ئەو دەزگایەی بڕیارەکەی دەرکردووە، هەروەها دەبێت هەڵەچن و پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ بڕیارەکە کرابێت پێش بڵاوکردنەوەی.
هەر بەپێی ڕێنماییەکانی بڵاوکردنەوەی بڕیار لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا، دەبێت ئەو بڕیارانەی بڵاو دەکرێنەوە واژووی زیندووی لایەنی بڕیاردەری پێوە بێت، هەروەک دەبێت نوسراوەکە نوسراوێکی هاوپێچی لایەنی بڕیاردەری لەگەڵ بێت.