١٠٠ گوندی مەخمور بە چۆڵکراوی ماونەتەوە
٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
١٠٠ گوندی سنوری قەزای مەخمور کە لە سەردەمی شەڕی داعشەوە چۆڵکراون تا ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە، کەسایەتییەکی ناوچەکەش دەڵێت گوندنیشینەکان هاندەر و پاڵپشتییان نییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان.
ئەو ١٠٠ گوندەی چۆڵکراون و ئاوەدان نەکراونەتەوە، ٨٠ گوندیان لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و ٢٠ گوندەکەی تر لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، لەو ١٠٠ گوندەش ٩٠ گوندیان کوردنیشینن.
غازی فەیسەڵ، کەسایەتی کوردی قەزای مەخمور، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سەردانی هێزە عێراقییەکانمان کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و ئەوان لارییان نەبوو، بەڵام گوندنیشینەکان پاڵپشتی ناکرێن بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان.
وتیشی: دۆخی دارایی گوندنیشینەکان خراپە بۆ ئەوەی جارێکی تر خانوو بونیات بنێنەوە، ئەمە جگە لەوەی ترس هەیە و پاڵپشتی مەعنەوی ناکرێن ئەمەش وایکردووە گوندەکان بەچۆڵی بمێننەوە.