کێبڕکێ لەسەر بەرگریکردن لە مەلا کرێکار؛ ئایا هەوڵی لایەنە کێبڕکێکارەکان ئەنجامی دەبێت؟

٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٥٠ پاش نیوەڕۆ

کێبڕکێ لەسەر بەرگریکردن لە مەلا کرێکار؛ ئایا هەوڵی لایەنە کێبڕکێکارەکان ئەنجامی دەبێت؟

پەنجەرە

دوای ئەوەی دەنگۆی خراپی باری تەندروستی "مەلا کرێکار" لە گرتوخانەیەکی ئیتالیا بڵاوکرایەوە، لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کێبڕکێن بۆ بەرگریکردن لە ناوبراو.

نەجمەدین فەرەج ناسراو بە "مەلا کرێکار" لە ساڵی 2020ەوە، لە وڵاتی ئیتالیا دەست بەسەرە و تۆمەتی "تیرۆر" ی دراوەتە پاڵ، لەکاتێکدا پارێزەر و کەسوکارەکەی تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە.

بەپێی وتەی کەسوکارەکەی، تەندروستی "مەلا کرێکار" لە زیندان دا خراپە و دووچاری نەخۆشییەکانی شەکرە و فشاری خوێن بووە، درەنگیش چارەسەرە پزیشکییەکانی پێدەگەیەنرێت.

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، دەڵێت: لەگەڵ خانەوادەی مەلا کرێکار لە هەوڵ و پەیوەندی بەردەوامداین، لە ڕێگەی کەناڵی دیپلۆماسی عێراقەوە هەوڵ ئەدەین کێشەکانی چارەسەر بکرێت و لە هەر دەستدرێژی و بێ مافییەک پارێزراو بێت.

دوای جیابوونەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی و خۆ ڕاگەیاندنی چەندین گروپی جیاواز، مەلا کرێکار لەگەڵ گروپی "جوندولئیسلام"دا یەکیگرت و گروپی "ئەنسارولئیسلام"یان لە سنوری تەوێڵە و بیارە ڕاگەیاند.

لە سەروبەندی هێرشی ئەمەریکادا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، مەلا کرێکار گەڕایەوە بۆ ئەوروپا و تا ساڵی 2020 لە وڵاتی نەرویج بو، بەڵام دواتر لەلایەن ئەو وڵاتەوە ڕادەستی ئیتالیا کرا.

محەمەد حەکیم، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری، ڕایگەیاند: مامۆستا کرێکار براو مامۆستاو خۆشەویستمانەو بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، مامۆستا عەلی باپیر ڕایسپاردوین ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو ئەرکێکی ئیسلامیانە ئەنجامی بدەین بۆ ئاسانکردن وخزمەتکردن بە دۆسیەو دۆخی مامۆستا لە زینداندا.

 دوای ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ ئەوەی هەوڵی ئاسانکاری و باشکردنی دۆخی مەلا کرێکار بدەن لە زیندان دا، بزووتنەوەی ئیسلامی خاوەندارێتی دۆسیەی مەلا کرێکاری تەنها بۆ خۆی گێڕایەوە.

ئارام ئەحمەد، نوێنەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە تورکیا، ڕایگەیاند: لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا، هیچ حیزب یان هێزێکی ئیسلامی جگە لە بزووتنەوەی ئیسلامی نەیتوانیوە خاوەنداریەتی دۆسیەی مامۆستا کریکار بکات، یان بە هۆکارە جۆراوجۆرەکان نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە بەشداری کارایان هەبێت لەم پرسەدا.

دۆسیەی مەلا کرێکار تەنها هێزە ئیسلامییەکانی نەخستە نێو کێبڕکێوە، بەڵکو ڕەوتی هەڵوێستیش هاتە نێو گۆڕەپانەکەوە و ئامادەیی خۆی بۆ بەرگریکردن لە مەلا کرێکار پیشاندا.

عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، دەڵێت: لەبارەی بە دواداچونی ئێمە بۆ دۆخی تەندروستی و دۆسیەکەی مامۆستا کرێکار، 
لەگەڵ خانەوادەی بەڕێزیان قسەمان کردوە، بە دڵنیاییەوە هەرچی بکرێت درێغی ناکەین.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو