خاڵبەندی بۆ دابەشکردنی کێکی دەسەڵات؛ لایەنە عێراقییەکان پۆلێنبەندییان بۆ پۆستەکان کردووە
٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لایەنە شیعە و سونەکان لەکاتی گفتوگۆی نێوانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پۆلێنبەندییان بۆ پۆستەکان کردووە، بۆیە پێدەچێت پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق زیاتر دوا بکەوێت.
لایەنە شیعە و سونەکان پۆلێنبەندییان بۆ پۆستەکان کردووە، بە جۆرێک زۆرترین خاڵ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دانراوە، دوای ئەو پۆستانە زۆرترین خاڵیان بۆ وەزارەتە سیادییەکان داناوە.
بەپێی خاڵبەندی لایەنە شیعە و سونەکان، دوای وەزارەتە سیادییەکان خاڵی زیاتر بۆ وەزارەتە گرنگە خزمەتگوزارییەکانی وەکو شارەوانی و تەندروستی و پاشان بۆ وەزارەتە ئاساییەکانی هاوشێوەی ژینگە و رۆشنبیری و دواتر خاڵیان بۆ پۆستەکانی تری وەکو بریکاری وەزارەتەکان داناوە.
لایەنە شیعە و سونەکان هەر خاڵێکیان لەبەرامبەر کورسییەکی پەرلەمان داناوە، بەمپێیە ئەگەر 25 خاڵ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یان سەرۆکی پەرلەمان دابنرێت، دەبێت ئەو لایەنە 25 کورسی هەبێت و لە پۆستەکانی تردا بەرکەوتەی کەمتر بێت.
بەڕای شارەزایانی بواری سیاسی، خاڵبەندی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەبێتە هۆی ئەوەی هەر لایەنە و وەزارەتێک یان دوو وەزارەتی هەبێت، ئەمەش وادەکات پشکەکان بەربڵاوبن و سەقامگیریی حکومەتی داهاتووش ئەستەم دەبێت.