پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق: فشاری دەرەکی نەبێت حکومەتی عێراق پێکنایەت
٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات ناو ماڵی پێکهاتەکانی عێراق بەجۆرێک تێکچووە و ناکۆکی تێدایە، مەگەر فشاری دەرەکی گەورە ناچاریان بکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.
شوان داودیی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەناو ماڵی شیعەدا فەوزایەکی گەورە دروستبووە، هێزەکانی سەر بە "بەرەی موقاوەمە" کورسی زۆریان هێناوە و لەناو شیعەدا کاریگەرن، لەکاتێکدا ئەمەریکا فشار دەکات بۆ ئەوەی ئەو هێزانە پۆستی هەستیاریان پێنەدرێت.
دەشڵێت: چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە لەلایەن ڕەوتی سەدر و خەڵکەوە وایکرد هێزەکانی "بەرەی موقاوەمە" کاریگەر بن.
شوان داودیی پێیوایە نێو ماڵی کوردی لەڕووی خراپییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ نێو ماڵی شیعەدا نییە، بەتایبەت ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدراوە و هێشتا پەرلەمان کۆنەبووەتەوە و حکومەت پێکنەهێنراوە.
دەڵێت: "ئەگەر لایەنە کوردییەکان نەتوانن پێکەوە ڕێکبکەون چۆن دەتوانن لەبەغدا یەکدەنگ بن؟ بۆیە ڕەنگە لایەنەکان بەجیا بچنە گفتوگۆوە لە بەغدا."
سەبارەت بە نێو ماڵی عەرەبی سونەش، شوان داودیی وتی: نێو ماڵی ئەوانیش شلۆقە، سونە خاوەنی حزبی دامەزراوەیی نییە، بەڵکو حزبی کاتی هەڵبژاردنی هەیە، ڕەنگە هاوپەیمانێتی لایەنە سونەکان لەسەر بچوکترین کێشە هەڵبوەشێنەوە.
وتیشی: تورکمانیش دابەشبوون بەسەر شیعە و سونەدا و هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت، بۆیە ئەگەر دەستوەردان و فشاری دەرەکی نەبێت، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق قورس دەبێت.