سەرکردەیەکی عەرەبی سونە لە کەرکوک چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی هەیە
٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە نێو لایەنەکانی عەرەبی سونەدا مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەو پۆستانە لە ئارادایە کە بەرکەوتەی عەرەبی سونەن، محەمەد حەلبوسی داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات و لایەنەکانی تر ناڕازین.
مەحمود زەیدان، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنا سامەرائی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردن ژمارەیە و ژمارەش قسە دەکات، حەلبوسی دەنگی زۆری هێناوە، بەڵام مەسەلەکە دەمێنێتەوە سەر دانوستان لەنێوان لایەنە سونەکان.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، لایەنە سونەکان ناڕازین لە پێدانەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە محەمەد حەلبوسی، لەکاتێکدا حەلبوسی پێداگیری لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکە دەکات.
لایەنە سونەکان لارییان نییە لەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەهاوپەیمانی تەقەدوم بدرێت، بەڵام ڤیتۆیان لەسەر خودی حەلبوسی هەیە و یەکێک لەو کەسانەی چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە، محەمەد تەمیمی سەرکردەی تەقەدومە لە کەرکوک.
پاساوی لایەنە سونەکان بۆ ڕازینەبوون بۆ بەپێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەحەلبوسی ئەوەیە، ناوبراو دوو خول سەرۆک بووە و ناشبێت ئەو پۆستە بەردەوام لای ئەنبارییەک بێت، بەڵکو دەبێت لەنێوان پارێزگا سونەنیشینەکان دەستاو دەستی پێبکرێت.
مەحمود زەیدان وتی: شەقامی سونی ڕێککەوتنی لایەنە سونەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دەوێت کە پەیوەندیدارن بە سونە و چەندین ساڵە بە هەڵپەسێردراوی ماونەوە.