وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بۆ پەنجەرە: بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەدەرەوەی وڵاتەوە هەڕەشە دەکەن هەماهەنگی لەگەڵ ئینتەرپوڵ دەکەین
٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٢٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە لە کچان و ژنان یان هەرکەسێک دەکەن، لەرێگای دادگاوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵ، ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتباری نیشتەجێی دەرەوەی هەرێم کاتی دەوێت و دەبێت تۆمەتبار شوێنی نیشتەجێبونی دیار بێت.
هاوکات عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەولێر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو دۆسیانەی دێنە لامان زۆرجار هەڕەشەکاران ناسراون، بۆ نمونە خوێندکارێکی کچ پەیوەندی لەگەڵ کوڕێک هەیە و کوڕەکە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی لێدەکات.
وتیشی: هەرچەندە ئێمە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانین، بەڵام بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمان داوە.
جەختیکردەوە: بەشێک لەو کەسانەی هەڕەشە دەکەن لە دەرەوەی وڵاتن و ئەو حاڵەتانە هەیە، ئەم دۆسیانەمان ڕادەستی لایەنەکانی دیکە کردوە، چونکە ئەوان زیاتر لەو بوارەدا کاردەکەن.