کۆبوونەوەیەکی سارد و سڕ؛ پارتی و یەکێتی تەنها 20 خولەک کۆبوونەتەوە

١٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٤٦ پاش نیوەڕۆ

کۆبوونەوەیەکی سارد و سڕ؛ پارتی و یەکێتی تەنها 20 خولەک کۆبوونەتەوە

پەنجەرە

یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیەکی کورت و بێ ئەنجامیان ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو حزبەی گێڕایەوە بۆ خاڵی سەرەتا و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیشی هێندەی تر دواخست.


پێش کۆبوونەوەکە

ڕۆژی دووشەممە، لە بازگەی هەولێر ڕێگری کرا لە چوونی لوقمان وەردی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئەو شارە، ئەمەش وەکو هەوڵێکی پێشوەخت لێکدرایەوە بۆ شکستهێنان بە کۆبوونەوە بێ ئەنجامەکەی دوێنێ سێشەممە.

سەرباری ڕێگرتن لە سەرکردەکەی یەکێتی لە چوونی بۆ هەولێر، بەڵام دواجار کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی بە سەرپەرشتی هۆشیار زێباری و قوباد تاڵەبانی ئەنجامدرا.

کۆبوونەوەیەک نەک گرێ کوێرەی کێشەکانی نێوان هەردوو حزبی نەکردەوە، بەڵکو ناکۆکییەکانی قوڵتر کردەوە و هێندەی تر ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکانی هەرێم و بەغدا قورستر کرد.


کۆبوونەوە بێ ئەنجامەکە

کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەی نێوان یەکێتی و پارتی کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەیەکی هێندە کورت و بێ ئەنجام بووە لەمێژووی ناکۆکی نێوان ئەو دوو حزبەدا کەم وێنە بوە.

لەگەڵ دەستپێکی گفتووگۆی نێوان شاندی یەکێتی و پارتی، هۆشیار زێباری وتویەتی: دەبێت گفتووگۆکانمان لە سەرەتاوە دەست پێبکەینەوە.
لە وەڵامدا قوباد تاڵەبانی، پرسیویەتی: ئەمە واتای چی؟

دوای گفتووگۆیەکی 20 خولەکی و بەبێ ڕۆچوونە نێو قوڵایی گفتووگۆی نێوانیان، هەردوولایان کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێناوە و هیچ وادەیەکیشیان بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری نەکردووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو