سەرۆک کۆمار؛ پۆستە مشتومڕاوییەکە
١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی تەنها بە پۆستەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەماوە، بەڵکو ئەو دوو حزبە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیش ناکۆکن، ئەو پۆستەی ماوەی 20 ساڵە بەرکەوتەی کوردە و تا ئێستا لای یەکێتی بوە.
دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی و کۆتایی هاتنی چوار ساڵی سەرۆکایەتی فواد مەعسود کە بەبێ کێشە تێپەڕین، پۆستی سەرۆک کۆمار بە کێشمەکێش بۆ بەرهەم ساڵەح و لەتیف رەشید یەکلا بوونەوە.
بەرهەم ساڵەح لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا کاندیدی یەکێتی بو، بەڵام پارتی دژی وەستایەوە و فواد حسێن ی کردە ڕکابەری، دواجار دەنگی لایەنە شیعەکان هاوکێشەکەی لەبەرژەوەندی بەرهەم ساڵەح یەکلا کردەوە.
کاتێک لە ساڵی 2021 بەرهەم ساڵەح هەوڵیدا خولی دووەمی سەرۆکایەتی کۆمار بەدەست بهێنێتەوە، پارتی هەریەک لە هۆشیار زێباری و رێبەر ئەحمەدی کاندید کرد بۆ پۆستەکە، لەکەشێکی پڕ لە کێشمەکێش دا بازەکە بەسەر شانی لەتیف رەشیدەوە نیشتەوە.
ئێستا کە پرۆسەی سیاسی عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدایە، کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دۆخەکەی بۆ هەشت ساڵ لەمەوبەر گێڕاوەتە دواوە.
پارتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار یاخود دانانی کاندیدێک دەکات کە ڕەزامەندی خۆیی لەسەر بێت، لەکاتێکدا یەکێتی کاندیدی خۆی هەیە و وەرگرتنی پۆستەکەش بە مافی خۆی دەزانێت.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی یەکێکبو لەو کەسانەی ناوی وەکو کاندیدی سەرۆک کۆمار دەهێنرا و خواستی وەرگرتنی پۆستەکەشی هەبوو، بەڵام دوای وردبونەوە لە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عێراقییەکان دەستبەرداری خواستەکەی بو.
یەکێتی لە ئێستادا پشتگیری نزار ئامێدی بە پلەی یەک و دواتر خالد شوانی دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لەکاتێکدا پێناچێت پارتی بەو کاندیدانە ڕازی بێت و چاوی لەسەر خەڵکی ترە.
پارتی دوو دڵە لەوەی بتوانێت پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەست بهێنێت، ئەمەش وادەکات چاوی لەسەر مەلا بەختیار، عەدنان موفتی، تەنانەت لەتیف رەشیدیش بێت بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکات، لەکاتێکدا جگە لە عەدنان موفتی کە هێشتا ناوی نەخراوەتە بەر باس یەکێتی بەوانیتر ڕازی نییە.
کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی وادەکات بە ناکۆکییەوە بچنە بەغدا و دەنگی لایەنە شیعەکان سەرۆک کۆماری داهاتوو دیاری بکات، بەڵام لە ئەگەری ڕێککەوتندا لەسەر کاندیدێک دۆخەکە لەکێشمەکێشەوە بۆ تێپەڕاندنی کاندیدی ڕێککەوتن لەسەر کراو بە بێدەنگی دەگۆڕێت.
لایەنە شیعەکان داوای ڕێککەوتنیان لە یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش کردووە، بۆ ئەوەی لەلایەک نەبنە بەشێک لە ناکۆکی نێو کورد و لەلاکەی تریش خۆیان بەلای لایەکدا یەکلایی نەکەنەوە و دووچاری "ئیحراج" بون ببن.