ململانێی پۆستەکان؛ ئایا یەکێتی دەبێتە "شەریک" یان هەر بە "بەشدار" دەمێنێتەوە؟
١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆکن، پارتی خۆی بە زۆرینە و خاوەن ماف، یەکێتیش خۆی بە شەریک لە حوکمڕانی دادەنێت.
تا ئێستا پارتی هیچ نەرمییەکی بەرامبەر بە خواستەکانی یەکێتی نەنواندووە، یەکێتیش وێڕای نەرمی نواندنی بەرامبەر چەند پۆستێک بەڵام خۆ ڕادەستکردنی بە خواستەکانی پارتی ڕەتدەکاتەوە، ئەمانەش بوون بە گرێ کوێرە بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان.
پۆستە هەستیارەکانی هەرێم ؛ لەنێوان هێڵی سوری پارتی و خواستی یەکێتیدا
پارتی دیموکراتی کوردستان دەستبەرداربون لە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران ڕەتدەکاتەوە و هێڵی سوری لەسەر داناون، لەکاتێکدا یەکێتی پێیوایە لەکاتی ڕێککەوتنی نێوانیاندا ئەو دوو پۆستە لەبەرامبەر یەک دانراون.
سەرباری داواکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم لەلایەن یەکێتییەوە، بەڵام پێناچێت ئەو حزبە جدی بێت لە وەرگرتنی پۆستەکە، ئەمەش ئەو تێڕوانینەی دروستکردووە داواکارییەکەی یەکێتی خواستی تری لە پشتەوە بێت.
وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش، بە دوو پۆستی باڵای ئەمنی هەرێم دادەنرێن، بەڵام پارتی ئامادە نییە دەست بەرداری هیچکام لەو پۆستانە بۆ یەکێتی بێت، ئەمەش یەکێکە لە گرێ کوێرەکان و هەرچەندە ئاماژە بە نەرمی نواندنی یەکێتی دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لەبەرامبەر وەزارەتی ناوخۆ دانراوە، بەڵام ئەو تێڕوانینە لای یەکێتی دروستبووە سەرۆکی هەرێم لە سەرووی وەزارەتی ناوخۆوەیە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، بۆیە نەیانتوانیوە سودی لێ ببینن.
هەرچەندە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکێتی بەجێهڵێراوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لە ڕێگەی دوو ئەندامەکەی تری سەرۆکایەتییەوە دەستی دەبەسترێتەوە، ئەمەش وایکردووە پۆستەکە بەبێ بایەخ لێیبڕوانرێت.
پۆستەکانی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە دوو پۆستی گرنگ و هەستیار دادەنرێن، لە داهاتوودا ئەم دوو پۆستە بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێری و بەرهەمهێنانی زیاتری غاز لە هەرێم گرنگی زیاتریشیان دەبێت.
وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی داهاتی کارەبای 24 کاتژمێری، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لە ڕێگەی داهاتی غازەوە دەبنە دوو وەزارەتی پڕ لە داهات و پارە، هەربۆیە پارتی هەردوو وەزارەتەکەی بۆ خۆی داناوە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستیش کە پارتی چاوی لەسەریەتی بە وەزارەتێکی گرنگ و پڕ لە داهات دادەنرێت، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی کە بەلای پارتییەوە گرنگ نییە زیاتر ئیدارەی لایەنی دارایی هەرێم دەدات.
یەکێتی بانگەشەی شەریکایەتی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی دەکات، پارتیش خۆی بە زۆرینە و خاوەن ماف دەزانێت، بۆیە دواجار ئاراستەی کێشمەکێشەکان چارەنوسی ئەو پۆستە گرنگانە یەکلایی دەکاتەوە کە یەکێتی پێیوایە لە بەشدارەوە دەیکەن بە شەریک.