ستیکەری دەرمان؛ قەڵغانێک بۆ پاراستنی هاوڵاتی یان بارگرانییەک بۆ گیرفان و بازاڕ؟
١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٢٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی تەندروستی هەرێم هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکردووە بۆ پابەندکردنی هەموو کۆمپانیا و دەرمانخانەکان بە بەکارهێنانی "ستیکەری کوالێتی" لەسەر دەرمانەکانیان. ئەم هەنگاوە کە ئێستا بووەتە مەرجێکی بنەڕەتی، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بازاڕی دەرماندا دروست کردووە و لەگەڵ خۆشیدا پرسیاری لەبارەی سوود و زیانەکانییەوە دروستکردووە.
ستیکەری دەرمان چییە و چۆن کاردەکات؟
ستیکەرەکە پارچە کاغەزێکە کە کیو ئاڕ کۆدێکی تایبەت (QR Code)ـی لەسەرە کە لەلایەن "دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانی هەرێمی کوردستان - KMCA"ـەوە دەدرێت بەو دەرمانانەی کە بە ڕێگەی یاسایی هاوردە دەکرێن و پشکنینان بۆ کراوە و ڕەزامەندی لەسەر هاتنیان دراوە. هاووڵاتی دەتوانێت لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایلەوە کۆدەکە بپشکنێت و زانیاری تەواو لەسەر ناوی دەرمانەکە، وڵاتی دروستکەر، کۆمپانیای هاوردەکار، نرخ و مێژووی بەسەرچوونی وەربگرێت.
سوود و گرنگییەکانی چین؟
وەزارەتی تەندروستی جەخت لە چەند خاڵێکی سەرەکی دەکەنەوە وەک سوودی ئەم پڕۆژەیە:
دڵنیایی لە کوالێتی:
تەنها ئەو دەرمانانە ستیکەریان پێوە دەکرێت کە لە تاقیگەکاندا پشکنینیان بۆ کراوە و سەرکەوتوو بوون.
دیاریکردنی نرخ:
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی هاووڵاتیان جیاوازی نرخ بوو لە دەرمانخانەیەک بۆ دەرمانخانەیەکی تر؛ ستیکەرەکە نرخەکە جێگیر دەکات و ڕێگری لە گرانفرۆشی دەکات.
بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ:
هەر دەرمانێک ستیکەری پێوە نەبێت، بە "نایاسایی" و "قاچاخ" دادەنرێت، ئەمەش وا دەکات کۆمپانیاکان ناچار بن لە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانەوە دەرمان بهێنن.
بەدواداچوون:
ئەگەر دەرمانێک کێشەی تەندروستی هەبێت، حکومەت دەتوانێت بە ئاسانی بزانێت کێ هێناویەتی و لە کام دەرمانخانانە بڵاوکراوەتەوە بۆ ئەوەی کۆبکرێتەوە.
کێشەکان و لایەنە نەرێنییەکان
سەرەڕای ئەم سوودانەی باسکران، ئەم پڕۆژەیە بێ گرفت نەبووە و ڕەخنەی لێ دەگیرێت لە چەند لایەنێکەوە:
بەرزبوونەوەی نرخ:
هەندێک لە خاوەن دەرمانخانەکان و هاووڵاتیان دەڵێن تێچووی ستیکەرەکە و ڕێکارە یاساییەکان بووەتە هۆی ئەوەی نرخی دەرمان بەرز ببێتەوە.
کەمیی هەندێک جۆری دەرمان:
بەهۆی توندکردنی ڕێکارەکان، ئەو دەرمانانەی پێشتر بە "قاچاخ" دەهاتن و هەرزانتر بوون، ئێستا لە بازاڕدا کەم بوونەتەوە، ئەمەش بۆ هەندێک نەخۆشی درێژخایەن گرفتێکی کاتی دروست کردووە.
سستی لە پڕۆسەی ستیکەر لێدان:
کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان هەندێکجار گلەیی لە سستی ڕێکارەکان دەکەن لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ، کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەیشتنی دەرمان بە دەستی نەخۆش.
دەرمانی بێ ستیکەر لە بازاڕی ڕەش:
هێشتا سیستەمەکە نەیتوانیوە بە ڕێژەی ١٠٠٪ کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکات، چونکە هەندێک دەرمان بە نایاسایی دەگەنە دەستی نەخۆش کە ڕەنگە کوالێتییان خراپ بێت، بەڵام بەهۆی هەارزانییەکەیەوە کڕیاریان هەبێت.
ئاستی بڵاوبوونەوەی هەڵمەتەکە
بەپێی بەدواداچوونەکان، سەرباری ئەوەی زۆربەی دەرمانخانە گەورەکان ئاگادارن بە بوونی هەڵمەتەکە، بەڵام هێشتا بە تەواویی نەچەسپیوە و لە هەندێک شوێنی دوورەدەست یان دەرمانخانە بچووکەکان دەرمانی بێ ستیکەر دەبینرێت.
پرسیار ئەوەیە: ئایا هەڵمەتەکە دەتوانێت بە تەواوەتی بچەسپێت، یان بەرژەوەندیی دارایی و قازانجی کۆمپانیاکانی سێبەری حزب و ململانێ لەسەر داهاتی دەرمان، پرۆسەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات دوور لەو ئامانجەی ڕاگەیەنراوە؟