"کەشتیگەلی سێبەر"؛ فریادڕەسەکەی ئێران بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکان

١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٥٠ پێش نیوەڕۆ

"کەشتیگەلی سێبەر"؛ فریادڕەسەکەی ئێران بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکان

پەنجەرە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین هەنگاویدا دوێنێ پێنجشەممە، سزای بەسەر ٢٩ کەشتی و کۆمپانیای بەڕێوەبردنی کەشتیدا سەپاند، بەهۆی تێوەگلان لە فرۆشتنی نەوتی ئێران.

ئەم هەنگاوە تیشکدەخاتە سەر پرۆسەیەکی ئاڵۆز و نهێنی کە بە "کەشتیگەلی سێبەر" ناسراوە، کە ئەرکی سەرەکیی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێرانە بە قاچاخ بۆ بازاڕە جیهانییەکان.


کەشتیگەلی سێبەر چییە و بۆچی بەم ناوە ناسراوە؟

زاراوەی "کەشتیگەلی سێبەر" (Shadow Fleet) یان "کەشتیگەلی تارمایی" (Ghost Fleet) ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک کەشتی گەورە کە نەوتی گەورەیان تێدایە و نەوتی ئێران دەگوازنەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان.

بەوهۆیەی ئێران گەمارۆی ئەمەریکای لەسەرە، ناتوانێت بە ئاسانی نەوتەکەی بفرۆشێت، هەربۆیە پەنا بۆ ئەم جۆرە کەشتییانە دەبات.

ئەم کەشتیانە تایبەتمەندییەکی دیاریکراویان هەیە: مۆدێل و ساڵی دروستکردنیان کۆنە، خاوەندارێتییان نادیارە و لە هەمووی گرنگتریش بیمەی نێودەوڵەتییان نییە.

هۆکاری ناونانیان بە "سێبەر" یان "تارمایی" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم کەشتیانە هەوڵ دەدەن لە ڕادارەکان و سیستەمە چاودێرییە جیهانییەکان ون بن. ئەوان وەک سێبەرێک لە دەریا و ئۆقیانووسەکاندا دەجوڵێن بێ ئەوەی شوێنپێی یاسایییان دیار بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگری لە ناسینەوەی بارە نەوتە گەمارۆدراوەکانی ئێران بکەن. 

ئەم کەشتیانە بوونەتە هێڵی ڕزگاریی ئابوری تاران بۆ دەربازبوون لەو سزایانەی کە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و چالاکییە سەربازییەکانییەوە بەسەریدا سەپێنراوە.


تەکنیکەکانی قاچاخچێتی و داهاتی ملیاریی

کەشتیگەلی سێبەر شێوازێکی زۆر ئاڵۆز و فێڵاوی بۆ گواستنەوەی نەوت بەکاردێنێت. بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم کەشتیانە "کردەی دەریایی خەڵەتێنەر" ئەنجام دەدەن کە بریتین لە:

١. کوژاندنەوەی سیستەمی ناسینەوە (AIS):
کەشتییەکان ئامێری گواستنەوەی شوێنەکەیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی لەسەر نەخشە جیهانییەکان ون بن، ئەمەش بە "ڕۆیشتنی تاریک" ناسراوە.

٢. گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی (STS):
لە ناوەڕاستی دەریا و زەریاکاندا، نەوتەکە لە تانکەرێکی ئێرانییەوە دەگوازنەوە بۆ تانکەرێکی تر کە ئاڵای وڵاتێکی تری هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی سەرچاوەی نەوتەکە تەڵخ و ناڕوون بکەن و نەزانرێت نەوتی ئێرانە.

٣. گۆڕینی ناسنامە:
زۆرجار کەشتییەکان ناوی خۆیان دەگۆڕن، ئاڵای وڵاتانی وەک پەنەما، لیبێریا هەڵدەگرن و ناسنامەی ساختە بۆ باری نەوتەکە دروست دەکەن و وەک نەوتی وڵاتانی تر دەیناسێنن.

داهاتی ئەم کارە نایاساییانە بە سەدان ملیۆن و تەنانەت ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت. ئەم پارەیە وەک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی لێ دەکاتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتەوە خزمەت سوپای پاسداران و بەرنامە سەربازییەکانی ئێرانەوە.


کێ لە پشت ئەم کەشتیانەیە؟

ئەم کەشتیانە تەنها سەر بە ئێران نین، بەڵکو تۆڕێکی نێودەوڵەتی لە "کۆمپانیا وەهمییەکان" و بازرگانان لە پشتنیانەوەن. بۆ نموونە، سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بازرگانێکی میسری بەناوی "حاتەم سەقر" و کۆمپانیاکانی کردۆتە ئامانج کە پەیوەندییان بە چەندین کەشتیی ئەم تاقمەوە هەبووە.

ئەمەش دەریدەخات کە تاران سوود لە نێوەندگیری نێودەوڵەتی وەردەگرێت بۆ شاردنەوەی شوێنپێیەکانی.

دواجار سزادانی ٢٩ کەشتی و کۆمپانیا لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، پەیامێکی ڕوونە بۆ بازاڕی وزە کە چاودێرییەکان لەسەر "کەشتیگەلی سێبەر" چڕتر دەبنەوە، هەرچەندە شارەزایان پێیانوایە تاران هەمیشە ڕێگەی نوێ و ئاڵۆزتر بۆ مانەوەی ئەم "تارماییانە" لە دەریاکاندا دەدۆزێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو