لەنێوان سەلیمی کوردیی و حاتەمی میسریی؛ تۆڕە سێبەرەکانی نەوتی ئێران لە جیهان
٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٥٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەمانگی تەموزی ئەمساڵ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بەهۆی تێوەگلان لە بازرگانییکردن و ساغکردنەوەی نەوتی ئێران، بازرگانێکی کوردی عێراقی خستە لیستی ڕەشەوە. ڕۆژی پێنجشەمەش، بەهەمان هۆکار، بازرگانێکی میسریی بلاک لیست کرد.
ئەم ڕاپۆرتە لەسەر ئەو دوو هەنگاوە و پشت پەردەکانی بڕیارەکە و دیمەنە گەورەکەی بازرگانییەکە دەوەستێت.
سەلیمی کوردیی؛ رایەڵەیەک لە هەرێمەوە بۆ دوبەی
سەلیم ئەحمەد سەعید، بازرگانێکی کوردی عێراقییە و هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانییە. ناوبراو لە هەرێمی کوردستان و دوبەی نیشتەجێیە و خاوەنی تۆڕێکی فراوانی کۆمپانیای بازرگانییە. گرنگترین ئەو کۆمپانیایانەی کە ناوی چووەتە ناو لیستی سزاکانەوە، کۆمپانیای (Queen Pharaon)ـە کە بنکەکەی لە عێراقە، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تری گواستنەوەی دەریایی لە ئیمارات.
لە تەموزی ٢٠٢٥ـدا، ئەمەریکا سزای بەسەر سەلیم ئەحمەدا سەپاند. بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ئەو ئەندامێکی سەرەکی بووە لە تۆڕی "سەعید جەمەل"، ئەو بازرگانەی کە دارایی حوسییەکانی یەمەن بەڕێوەدەبات.
سەلیم ئەحمەد تۆمەتبارە بەوەی کارئاسانی بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران کردووە بە نرخی کەمتر لە بازاڕ. هەروەها هەستاوە بە بەکارهێنانی کۆمپانیاکانی بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی نەوتەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا کاریکردووە لە گواستنەوەی پارەی قازانجەکان بۆ سوپای پاسداران و حوسییەکان لە ڕێگەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوچەکە.
سەقر؛ هەڵۆ میسرییەکەی نەوتی ئێران
حاتم سەقر، بازرگانێکی میسرییە لە (١٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥) ناوی چووە ناو لیستی ڕەشی ئەمەریکاوە.
سەقر وەک پسپۆڕێکی بواری گواستنەوەی دەریایی و بازرگانی نێودەوڵەتی ناسراوە و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا هەیە.
ئەو تۆمەتبارە بەوەی کە ئەندازیارێکی لۆجیستی بووە بۆ گەیاندنی نەوتی ئێران بە کڕیارە بیانییەکان، بەتایبەت لە چین.
سەقر، سەرپەرشتی کۆمەڵێک تانکەری نەوتی کردووە کە بە ناسنامەی ساختە و ئاڵای وڵاتانی ترەوە (وەک پاناما یان لیبریا) کاریان کردووە.
هەروەها تەکنیکی تەڵەکبازیی لە سیستەمی دیاریکردنی شوێنی کەشتییەکان (AIS) بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت کەشتییەکە لە شوێنێکی ترە، نەک لە بەندەرەکانی ئێران.
چەندین رێگا و یەک ئامانج
ئەم بازرگانانە جگە لەو ڕێگایانەی سەرەوە، زۆرجاریش نەوتەکەی ئێران لەناو دەریادا دەگوازنەوە بۆ نێو کەشتییەکی تر، بەمەش سەرچاوەکەی نادیار دەکەن و ون دەبێت کە هی ئێرانە.
کڕیاری سەرەکی ئەم نەوتەش، پاڵاوگە بچووکە سەربەخۆکانی وڵاتی چینن کە بە "Teapots" یان "پاڵاوگەی چا" ناسراون. ئەمە سەرباری ئەوەی بڕێک لەو نەوتە بۆ وڵاتانی تر و بازاڕە ڕەشەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەچێت.
ئەم بازرگانانە بە ملیۆنان دۆلار پارەیان لەم کاسبییەدا دەستدەکەوێت، چونکە نەوتی ئێران بە داشکاندنێکی زۆر کە هەندێک جار (٢٠٪ تا ٣٠٪) کەمترە لە نرخی بازاڕ دەکڕن، لەو جیاوازییەدا قازانجێکی خەیاڵی دەکەن.
خۆشییەک کە هەتا سەر نەبوو!
ئەگەرچی ملیۆنان دۆلاریان دەستدەکەوت، بەڵام خۆشیی ئەو دوو بازرگانە تاسەر نەبوو، چونکە سزاکانی ئەمەریکا لەسەریان و بلاک لیست کردنیان، مەرگی داراییان بوو.
ئەوان بەهۆی خستنە لیستی ڕەشی ئەمەریکاوە، ڕووبەڕووی ئەم ئالەنگارییانە بوونەتەوە:
بلۆککردنی سەرمایە:
هەموو ئەو دارایی و موڵک و ماڵانەی کە لە ناو ئەمەریکان یان لە بانکە نێودەوڵەتییەکانن کە مامەڵە بە دۆلار دەکەن، بلۆک دەکرێن.
دابڕان لە سیستەمی جیهانی:
هیچ بانکێکی جیهانی (تەنانەت لە عێراق و میسریش) ناوێرێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات، چونکە ئەو بانکە خۆشی دەکەوێتە ژێر سزاوە. ئەمە واتە ناتوانن چیتر کارتی بانکی بەکاربهێنن یان حەواڵە بکەن.
گەشتکردن:
ئەگەرچی سزاکە فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی نییە (مەگەر داواکاری گشتی ئەمەریکا دواتر دۆسیەی تاوانبارییان بۆ بکاتەوە)، بەڵام گەشتکردنیان بۆ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێتە مەحاڵ.
مایەپوچبوون:
ئەو کۆمپانیایانەی ناویان هاتووە، ئیتر ناتوانن گرێبەستی نێودەوڵەتی بکەن و هیچ کەشتییەکیشیان لە بەندەرە فەرمییەکاندا وەرناگیرێت.
وێنە گەورەکە: زیاتر لە دوو بازرگان
تەنها ئەو دوو بازرگانە نین کە لەم
پرسەدا گلاون، بەڵکو سەدان کەس و کۆمپانیا و تەنانەت وڵاتەکانیش هەن کە بەشدارن لەم تۆڕە جاڵجاڵۆکەییەی بازرگانی نەوتی ئێران.
بەڵام سزادانی سەلیم ئەحمەد و حاتم سەقر، پەیامێکی ڕوونی واشنتۆنە کە بەردەوامە لە چاودێرییە وردەکانی بۆ دەستنیشانکردنی تێوەگلاوانی ئەم بازرگانییە.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم بازرگانانە و ئەوانی تریش، ڕێگەی نوێتر و ئاڵۆزتر بۆ تێپەڕاندنی سزاکان دەدۆزنەوە، یان دواجار بازرگانییەکە دەبێتە ئەو تەونەی کە دەبێت هەموو بەشدارەکانی پێوەی بلکێن؟