فەهداوی: ناکۆکییە سیاسییەکان ڕێگرن لە تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی
٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
محەمەد فەهداوی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ پەکخستنی دەنگدان لەسەر بەربژێرەکان نابێتە ڕێگر لەبەردەم تەواوکردنی کابینەی وەزاریی حکومەتەکەی عەلی زەیدی. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای هەوڵەکانی پەکخستن، لە کۆتاییدا هەموو لایەنێک شایستەی خۆی بەدەستدەهێنێت.
فەهداوی ئاشکرایکرد: "دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی کابینەی وەزاری و دەنگنەدان بە سەرجەم ئەو بەربژێرانەی کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانەوە پێشکەشی پەرلەمان کراون، هۆکارەکەی تێبینیی تەکنیکی نییە، بەڵکو بەهۆی ناڕەوایی و ناکۆکییە سیاسییەکان و نەبوونی تەبایی و ڕێککەوتنەوەیە."
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناکۆکییە سیاسییەکان لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی وەزاریدا بەڕوونی ئامادەییان هەیە، ئەمەش تەنها پەیوەندی بە پێکهاتە یان حزبێکی دیاریکراوەوە نییە؛ بەڵکو هەم لە ناو ماڵی شیعە، هەم ماڵی سوننە و کوردیشدا ئەم جۆرە ناکۆکییانە بوونیان هەیە، کە دەرەنجامەکەی بووەتە هۆی ڕێگری لە دەنگدان بە بەشێک لە بەربژێرانی کابینەکەی زەیدی."
لە کۆتاییدا فەهداوی ڕوونیکردەوە کە پەکخستنی دەنگدان لەسەر هەندێک لە بەربژێرەکان ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر حکومەتە نوێیەکە دەبێت، بەڵام لەگەڵ بوونی هەموو ناکۆکی و هەوڵەکانی هەندێک لایەن بۆ پەکخستنی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە، دەرەنجامی کۆتایی ڕوونە و سەرجەم هێزە سیاسییەکان شایستەی خۆیان لە حکومەتدا بەدەستدەهێنن.