ئیسرائیلی تێکەڵ دەکەن؛ "وەلائییەکان" هێرشەکانیان بۆ سەر زەیدیی توند دەکەن
٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
میدیای سەر بە لایەنە شیعەکان وەلائییەکان لە زاری حسێن گەرعاوی، سەرۆکی دەستەی ڕێکخستنی "حراک الشعبي من اجل حزام والطریق” بڵاویکردووەتەوە، ئەحمەد شەرع و عەلی زەیدی هەردووکیان بە پاڵپشتی ئەمەریکا و بەرەزامەندی نەتەنیاهۆ گەیشتوونەتە دەسەڵات.
گەرعاوی بەمیدیای سەر بە لایەنە شیعە وەلائییەکانی راگەیاندووە: ئەمەریکا دەیەوێت عێراق و سوریا بکاتە دوو دەوڵەتی تەواوکەری یەکتریی لەژێر هەژموونی خۆیدا، چونکە واشنتۆن سەیری عێراق و سوریا دەکات وەک بەرەیەکی ئەمنی و سیاسیی پێکەوەبەستراو، بەتایبەتی لە دۆسیەی سنوورەکاندا.
ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا
گەرعاوی دەشڵێت: "ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت هەردوو وڵات بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە و بەرەیەکی ڕووبەڕووبوونەوە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکات."
گەرعاوی روونیکردووەتەوە، ئەمەریکا ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوەی لوبنان و پاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی جۆزێف عۆن (یان هەر لایەنێکی تر کە دژی حزبوڵایە) سپێردراوە بە "شەرع"، بە ئامانجی داماڵینی حزبوڵا لەچەک.
دەشڵێت: لە عێراقیش هەمان سیناریۆ جێبەجێ دەکرێت لە ڕێگەی کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی بەرگریی و حەشدی شەعبی بە پاساوی جۆراوجۆر.
پلانی پێشوەختە
زاری حسێن گەرعاوی، سەرۆکی دەستەی ڕێکخستنی "حراک الشعبي من اجل حزام والطریق” ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، لە پێشدا و لە کاتی کۆبوونەوەی نێوان شەرع و سودانیدا پلانی بۆ داڕێژراوە. بۆیە ئەمریکا پێی باش بووە کە تەنها یەک کەسایەتی وەک (تۆم باراک) بەڕێوەبردنی هەردوو دۆسیەکەی پێ بسپێردرێت، تا ببێتە بڕیاردەری سەرەکی بەسەر هەردوولاوە و چاودێری هەنگاوەکانیان بکات لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی "کۆشکی ڕەش"دا (مەبەستی کۆشکی سپییە).