"منداڵان بە مووشەکی ئێوە دەکوژرێن"؛ کێشمەکێشی سەرکردەیەکی میلیشیاکان و دادوەرێکی ئەمریکی لە نیویۆرک

٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٤ پاش نیوەڕۆ

"منداڵان بە مووشەکی ئێوە دەکوژرێن"؛ کێشمەکێشی سەرکردەیەکی میلیشیاکان و دادوەرێکی ئەمریکی لە نیویۆرک

پەنجەرە

محەمەد باقر سەعد داود ئەلساعدی، سەرکردە لە گرووپی کەتائیبی حزبوڵای عێراقیی سەر بە ئێران،  ڕایگەیاند کە ئەو بێبەرییە لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون سەبارەت بە تێوەگلانی لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپاو لە ناو هۆڵی دادگایەکی ئەمریکیدا هاواری کرد و وتی: "من تاوانبار نیم".

 بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "تایمز"، ئەلساعدی هەردوو ڕەگەزنامەی عێراقی و ئێرانی هەیە، لە دادگای فیدراڵیی مانهاتن قسەی کرد، دوای ئەوەی پارێزەرەکەی "ئەندرۆ دالاک" لەبری ئەو، تۆمەتەکانی رەتکردەوە و پاساوی بێتاوانی بۆ ٨ تۆمەت پێشکەش کرد؛ لەنێویاندا تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ماددی بە کەتائیبی "حزبوڵا".

ئەلساعدی وتی: "من تاوانبار نیم، ئێمە لە جەنگداین".

ناوبراو لە کاتێکدا بە دەستی ئاماژەی بۆ ئەو شوێنە دەکرد کە دادوەری فیدراڵی "کۆلین ماکماهۆن" و داواکارانی گشتیی نووسینگەی داواکاری گشتی ئەمریکا لە مانهاتن لێی دانیشتبوون، وتی: "منداڵان بە مووشەکەکانی ئێوە دەکوژرێن". بەڵام ئەلساعدی ڕوونی نەکردەوە کە ئایا مەبەستی ڕووداوێکی دیاریکراوە یاخود نا.

ئەلساعدی لە کاتی دانیشتنەکەدا جلی زیندانی لەبەردابوو و قاچەکانی کۆت و بەند کرابوون.
لە کاتی قسەکردنی ئەلساعدیدا، دادوەر ماکماهۆن دەنگی بەرزکردەوە و فەرمانی پێکرد دانیشێت. لەو کاتەدا دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی کە لە پشتی ئەلساعدییەوە دانیشتبوون، لە مێزی بەرگری نزیک بوونەوە و ئەویش لەگەڵ گەیشتنیاندا دانیشت.

مانگی ڕابردوو، ئەلساعدی لە تورکیا دەستگیرکرا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ توندکردنەوەی چاودێرییەکانی ئەمریکا بەسەر ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و تۆمەتبارن بە بەئامانجگرتنی ستاف و سەربازانی ئەمریکی، لەو کاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگیان دژی ئێران دەستپێکردووە.

داواکارانی گشتی ئەمریکا دەڵێن کەتائیبی "حزبوڵا" لەژێر فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێراندایە. هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەلساعدی هاوکار بووە لە پلاندانان بۆ نزیکەی ١٨ هێرش لە ئەوروپا لە مانگەکانی ڕابردوودا (کە هەموویان جێبەجێ نەکراون)، و لە مانگەکانی ئازار و نیساندا پلانی بۆ هێرشکردنە سەر ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داناوە، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر پەرستگایەکی جولەکەکان لە نیویۆرک.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو