٤ بەرپرس لە دیالە بەتۆمەتی دزینی نزیکەی ٢ ملیار دینار دەستگیردەکرێن
٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەستەی دەستپاکیی عێراق پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی و دزینی کەلوپەلی کارەبایی لە پارێزگای دیالە هەڵماڵی کە بەهاکەی بە زیاتر لە (١.٧) ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دەستەکە، چوار بەرپرسی باڵای کارەبا لە پارێزگای دیالە، پلە و پۆستەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتی بەکارهێناوە و بڕی (١,٧٤٤,٦٠٠,٠٠٠) دیناریان لە ڕێگەی دزینی کەرەستە و کەلوپەلی کۆگاکانی کارەباوە بەهەدەر داوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەکە، تۆمەتباران شێوازێکی چەواشەکارانەیان بەکارهێناوە؛ بە جۆرێک پسووڵەی خەرجکردنی نایاساییان ڕێکخستووە و مۆری چاودێریی ناوخۆییان لێداوە، لەکاتێکدا ئەمیندارانی کۆگا جەختیان کردووەتەوە کە هیچ کام لەو کەرەستانە نەگەیشتوونەتە ناو کۆگاکان و تەنها لەسەر کاغەز وەک خەرجکراو نیشان دراون.
ئاماژەی بەوەشداوە لەئێستادا دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی باقوبە، بڕیاری ڕاگرتنی بۆ تۆمەتباران بەپێی ماددەی (٣١٦) لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.