لە کاندیدی سەرسەختی یەکێتییەوە بۆ دۆستی نزیکی پارتی؛ پۆستەکەی بەرهەم ساڵح هاوکێشەکان پێچەوانە دەکاتەوە
١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا هەواڵی دەستبەکاربوونی د. بەرهەم ساڵح، وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە ناوەندە دیپلۆماسییەکاندا دەنگدانەوەی هەیە، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ئەم هەواڵە بووەتە هۆی دەرکەوتنی جیاوازییەکی سیاسیی قووڵ لە نێوان دوو جەمسەرە سەرەکییەکە (پارتی و یەکێتی)؛ جیاوازییەک کە تەواو پێچەوانەی هاوکێشەکانی چەند ساڵی ڕابردووە.
پارتی دەستپێشخەر و یەکێتی بێدەنگ
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ڕابردوودا یەکێک بوو لە نەیارە سەرسەختەکانی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئێستا بە گەرمی پێشوازی لە پۆستە نێودەوڵەتییەکەی دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی، یەکەمین کەس بوو کە بە فەرمی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح کرد. بەدوای ئەویشدا جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی و سەرۆک وەزیرانی هەرێم- مەسرور بارزانی پیرۆزبایی ئاراستەکرد.
لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ساڵانێکی زۆر بەرهەم ساڵح یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی و کاندیدی فەرمی ئەو حزبە بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، تا ئێستا بە فەرمی هیچ پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە نەکردووە.
تاکە دەنگی دیار لەناو یەکێتیدا، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسییە، کە بە شێوەیەکی شەخسی پیرۆزبایی لێکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی درز لە نێوان باڵە دەستڕۆیشتووەکانی ئێستای یەکێتی و سەرۆک کۆماری پێشوو.
٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٤؛ کاتێک هاوکێشەکان سەرەوژێر دەبن
بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ململانێی پۆستی سەرۆک کۆمار. لەو کاتەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو هێزی خۆی پشتیوانی لە مانەوەی بەرهەم ساڵح دەکرد و پارتیش بە توندی دژی بوو، تەنانەت پارتی کاندیدی تایبەت بە خۆی (ڕێبەر ئەحمەد)ـی هەبوو.
بەڵام دوای سەرکەوتوو نەبوونی لە دووبارەبوونەوەی بە سەرۆک کۆمار، پەیوەندییەکانی بەرهەم ساڵح و سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی، بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی، بەرەو ساردیی چوو. بافڵ تاڵەبانی لە چەند چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەماوە.
لە بەرامبەردا بەرهەم ساڵح لە پارتی دیموکراتی کوردستان نزیک بووەوە و چەندین دیداری لەگەڵ سەرکردایەتی ئەو حزبە ئەنجامدا.
لە "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی" تا "کۆشکی سەلام"
پەیوەندی بەرهەم ساڵح لەگەڵ هەردوو حزبەکە هەمیشە پڕ بووە لە هەوراز و نشێو.
لەگەڵ یەکێتییدا لە ساڵی ٢٠١٧ـدا دوای ناکۆکییە ناوخۆییەکان، یەکێتیی جێهێشت و "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی" دامەزراند، بەڵام دواتر گەڕایەوە ناو یەکێتی و پۆستی سەرۆک کۆماری لەبەرکەوتەی ئەو حزبە وەرگرت. بەڵام ئێستا جارێکی تر پەیوەندییەکانی گەیشتوونەتە بنبەست.
لەگەڵ پارتییشدا، ئەوا پارتی مامەڵەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا جۆراوجۆر بووە. ئەو بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە زۆر دژایەتی بەرهەم ساڵحی کردوە کاتێک لە ٢٠٠٩ بوو بە سەرۆک وەزیرانی هەرێم، کە وایکرد تەنها ٢ ساڵ لەو پۆستە بەردەوام بێت و دواتر پۆستەکە بداتەوە پارتی. هاوکات لە دانانەوەشی بە سەرۆک کۆمار، پارتی بە ئاشکرا دژی وەستایەوە و سەرەنجام لەتیف ڕەشید سەرکەوتوو بوو.
بەڵام دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح لە یەکێتی دوورکەوتەوە، پارتی دەرگاکانی بۆ واڵا کرد، ئەمەش ڕنگە وەک دەرفەتێک بینیبێتی بۆ لاوازکردنی زیاتری پێگەی یەکێتی لەڕێگەی پەرتکردنی ناوخۆیانەوە.
پۆستێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ململانێ و دیپلۆماسیدا
لە کۆتاییدا کاردانەوە جیاوازەکانی پارتی و یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی بەرهەم ساڵح کە بەرزترین پۆستی نەتەوە یەکگرتووەکانە تائێستا کوردێک وەریگرتبێت، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئاڵۆزییەکانی ئێستای نێوان جەمسەرە سیاسییەکانی هەرێم.
هاوکات ئەم دیمەنە دەریدەخات کە هاوپەیمانێتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا جێگیر نین و هەمیشە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا، ئەویش دەگۆڕێت.