یەکێتی هۆشداریی بە هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەدات
١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
یەکێتی هۆشداریی دەدات بە هەندێک کایەنی ئۆپۆزسیۆن، لەکاتێکدا ئەگەر بچنە ژێر داواکاریی پارتی بۆ بەشدارییکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بەبێ ئەو.
یەکێک لەو کارتانەی چاوەڕوان دەکرێت پارتی لە گەرمەکەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ یەکێتی دەستی بۆ بەرێت، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەنگاونانە بۆ پێکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی.
سەرکردەیەکی باڵای یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکێتی هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئاگادار کردووەتەوە و هۆشداریی پێداون بەوەی نەبنە بەشێک لە ناکۆکی نێوان پارتی و حزبەکەیان.
سەرچاوەکە دەڵێت: هۆشدارییەکانی یەکێتی بۆ ئەو حزبانە توند بوە و هەڕەشەی جدی تێدا بوە، ئەگەر بچنە پاڵ پارتی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی.
پارتی و یەکێتی تائێستا لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕێکنەکەوتوون، بەڵکو زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە زۆر دوورن لە یەکەوە، ئەمەش دۆخەکەی بەسەر هەر ئەگەرێکدا بە کراوەیی هێشتووەتەوە.