چارەنوسی سەرۆکی نەوەی نوێ؛ ئایا شاسوار عەبدولواحید بە کۆشکە سپییەکەی شاد دەبێتەوە؟
١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بڕیاربوو ڕۆژی 16ـی ئەم مانگە، شاسوار عەبدولواحید- سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ببرێتە بەردەم دادوەر و لەسەر سکاڵای ڕۆژنامەنوسێکی یەکێتی دادگایی بکرێت، بەڵام دادگایی کردنەکەی دواخراوە.
دواخستنی دادگاییکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەکاتێکدایە، ڕۆژی 27ـی ئەم مانگە کۆتایی بەو سزا پێنج مانگییە دێت کە لەسەر دۆسیەی شادی نەوزادی پەرلەمانتاری پێشووی جوڵانەوەکەی سزا درابو.
هەرچەندە دەبێت ڕۆژی 27ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید ئازادبکرێت، بەڵام بەرپرسانی نەوەی نوێ هێشتا دڵنیا نین لە ئازادکردن یاخود هێشتنەوەی لەزینداندا.
بەشێک لە بەرپرسانی نەوەی نوێ کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، گەشبینن بە ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید، بەڵام بەشێکی تریان دوو دڵن و پێیانوایە دۆسیەی یاسایی تر بەردەستە بۆ هێشتنەوەی لەزیندان.
لەکاتێکدا لەنێو چاودێرانی سیاسی لە دەرەوەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆچوونی تر هەیە، بەشێکیان پێیانوایە شاسوار عەبدولواحید تا دوای پێکهێنانی حکومەت لە زیندان دەهێڵرێتەوە، هەندێکی تریش بەوجۆرە لە هاوکێشەکە دەڕوانن کە ئازادکردنی ناوبراو پێویستە بۆ ئەوەی پەرلەمانتارەکانی بڵاوەی لێنەکەن و خۆی ئیدارەیان بدات.
ئەوەی بۆ بەرپرسانی نەوەی نوێ مایەی نیگەرانی بوو، لێدوانەکەی محەمەد حەسان- نێردەی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بوو، کاتێک ڕایگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگی لەسەر دۆسیەی سیاسی دەستگیر نەکراون."