پارتی و یەکێتی؛ هەنگاونان بەرەو قۆناغی "دەست چەمانەوە"
١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتووەتە ئاڵۆزترین قۆناغ، هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتوو و چۆنیەتی یەکلایی کردنەوەی پۆستەکانی هەرێم و بەغدا، ئەنجامی ناکۆکییەکان یەکلایی دەکەنەوە.
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە شەڕی میدیایی و گوتاری توندەوە گۆڕاوە بۆ "دەست چەمانەوە"و کێبڕکێی نێوان شاندەکانیان، سەرکەوتن و شکستهێنانی شاندی هەر لایەک هەڵوێستی سیاسی ئەو لایەنە دیاری دەکات.
لە گوتارەوە بۆ ململانێی کرداریی
پارتی دیموکراتی کوردستان وەفدێکی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێکهێناوە، ئەم حزبە دەیەوێت زۆرترین ئەنجام بەدەست بهێنێت و ڕکابەرەکەی لەبەغدا لاواز بکات.
پۆستی سەرۆک کۆمار بەلای یەکێتییەوە هێڵی سورە و کاندیدی بۆ پۆستەکە ئامادە کردووە، لەکاتێکدا پارتی خواستی بردنی پۆستەکەی هەیە و ئەگەر بەدەستیشی نەهێنا، دەیەوێت سەرۆک کۆماری داهاتوو کاندیدی یەکێتی نەبێت و ڕەزامەندی خۆیی لەسەر بێت.
ماوەی 8 ساڵە پارتی چاوی لەوەیە پۆستی سەرۆک کۆمار لەژێر دەستی یەکێتی دەربهێنێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێوان ئەو حزبە و لایەنە شیعەکان و نزیکی یەکێتی لەو لایەنانە سەرکەوتوو نەبوە.
هەرچەندە لەئێستادا دۆخەکە گۆڕاوە و پارتی جۆرێک لە دۆستایەتی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە شیعەکاندا دروستکردووە، بەڵام بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن ئەو حزبەوە بە قورس و بگرە زەحمەت دادەنرێت.
یەکێتی وەفد لە دوای وەفد ڕەوانەی بەغدا دەکات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان ئەنجام دەدات، دەیەوێت شکست بە هەوڵەکانی پارتی بهێنێت و ئەجێندای خۆی لەبەغداوە زاڵ بکات.
پارتی و یەکێتی قۆناغی پێکەوەڕۆیشتنیان بۆ بەغدا و ئەنجامدانی دانوستان بەیەک تیمی تێپەڕاند، وەفدی هەردوولا کێبڕکێی یەکتری دەکەن و هاوکێشەکانی داهاتوو شکستهێنانی هەوڵەکانی یەکێک لەو دوو لایەنە دەردەخات.
ململانێ لە بەغدا و جوڵە لە هەرێم
پێدەچێت ئەنجامی هەوڵەکانی یەکێتی و پارتی لە بەغدا و شکستهێنانی هەر لایەکیان، کاریگەری لەسەر ئایندەی ململانێکانی هەرێم هەبێت، بەوپێیەی هەردوولایان خۆیان بۆ کاردانەوە ئامادە کردووە.
ئەگەر پارتی ململانێکانی بەغدا لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت، پێدەچێت دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستی داخستنی بارەگای یەکتری و تەنانەت دەرکردنی بەرپرسی یەکتری لە سنوری زۆنەکان.
ئەگەر یەکێتیش لە ململانێی بەغدا براوە بێت، پێدەچێت پارتی دەست بۆ کارتی پێکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی، یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەرێت.
نیازی ناوخۆیی و فشاری دەرەکیی
یەکێتی و پارتی هەردوولایان خۆیان بۆ نواندنی کاردانەوە لەدژی یەکتری ئامادە کردووە ئەگەر لە ململانێکانی بەغدا براوە نەبن، بەڵام مەرج نییە ئەو دوو حزبە بتوانن پلانەکانیان جێبەجێ بکەن.
فشارە دەرەکییەکان و هاوکێشە ئیقلیمی و ناوخۆییەکان ڕۆڵیان هەیە لە ئاراستەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، هەر ئەمەش وایکردووە ڕۆژێک ناکۆک و ڕۆژێک تەبا بن.
سەرباری ئەو ناکۆکییە توندەی لەنێوانیاندا هەیە و چاوەڕوانی ئاڵۆزتربونی دۆخی هەرێمی لێدەکرێت، بەڵام بەدوور نازانرێت هاوکێشە نوێیەکان ناچاریان بکات پێکەوە کۆببنەوە و دواجار پەیوەندی نێوانیان گرێ بدرێتەوە.
بۆیە ڕوودانی ئاڵۆزی تا ئەندازەی دوو ئیدارەیی چەند چاوەڕوان کراوە، هێندەش ئەنجامدانی دانوستان و کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی لە قۆناغی دوای "دەست چەمانەوە" پێشبینی بۆ کراوە.