لە دامەزرێنەری سوپای موختارەوە بۆ زیندان؛ واسق بەتات کێیە کە لەلایەن حەشدەوە دەستگیر کرا؟
٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوێنێ واسق بەتات (واثق البطاط)، سەرۆکی میلیشیای "جەیشولموختار"ـی شیعی دەستگیرکرا، ئەمەش پاش ئەو هێرشە توندەی کردبوویە سەر حەشد و سەرانی حەشد و هێزە ئەمنییەکان.
ئەو کە یەکێکە لە کەسایەتییە مشتومڕاوییەکانی ناو گۆڕەپانی شیعەی عێراقی، بە لێدوانە توندڕەوەکانی و دڵسۆزییە ڕەهاکەی بۆ "ویلایەتی فەقێ" ناسراوە.
واسق بەتات کێیە و ئاراستەی فیکریی چییە؟
واثق مەزهەر ئەلسەید بەتات، پیاوی ئاینی شیعە و ئەمینداری گشتیی "حزبوڵای عێراق - نەهزەی ئیسلامی"یە. ئەو دامەزرێنەری میلیشیای "جەیشولموختار (سوپای موختار)"ـە لە ساڵی ٢٠١٣، کە گروپێکی چەکداری توندڕەوە و لەچوارچێوەی حەشدی شەعبی دایە و خۆی وەک پارێزەری مافەکانی شیعە و نەیاری سەرسەختی مەزهەبی سوننە و وڵاتانی کەنداو دەناسێنێت.
ئاراستەی فیکریی
فیکری بەتات لەسەر بنەمای "وەلائی ڕەها" بۆ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران (عەلی خامنەیی) دامەزراوە. ئەو بڕوای بە سنوورە جوگرافییەکانی عێراق نییە و خۆی بە سەربازێکی ناو سوپای گەورەی ئیسلامی دەزانێت کە ناوەندەکەی تارانە. شێوازی قسەکردنی بە "تائیفیی توند" و "هاندەر بۆ توندوتیژیی" وەسف دەکرێت.
وێستگەکانی ژیان و هەڵوێستە سیاسییەکانی
بەتات خاوەنی یەکێک لە بەناوبانگترین و مشتومڕاویترین لێدوانەکانە لە مێژووی نوێی عێراقدا، کاتێک ڕایگەیاند: "ئەگەر شەڕ لە نێوان عێراق و ئێراندا ڕووبدات، من وەک شیعەیەک لە سەنگەری ئێراندا دژی عێراق دەجەنگم، چونکە ئێران قیبلەی سیاسی و ئاینی ئێمەیە."
ئەو لەکاتێکدا خۆی بە بەشێک لە "بەرەی بەرگری/ میحوەری مقاوەمە" دەزانێت، بەڵام زۆرینەی کات پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتییە فەرمییەکانی حەشدی شەعبی (وەک فالەح فەیازـی سەرۆکی دەستەکە) ئاڵۆز بووە.
بەتات زۆرجار ڕەخنەی لە "دامەزراوەییبوون"ـی حەشد گرتووە و پێیوایە حەشد خەریکە لە "ڕێچکە شۆڕشگێڕییەکەی" دوور دەکەوێتەوە.
ئەمەریکا واسق بەتات و گرووپەکەی وەک گروپێکی تیرۆریستی و مەترسیدار بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە دەبینێت، بەتایبەتی کە لە ساڵی ٢٠١٥ هێرشیان کردە سەر کەمپی "لیبرتی" کە ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵقی ئێرانی لێبوو. هەرچەندە ناوی بەتات بە تەنیا لە لیستی تیرۆردا نەهاتووە، بەڵام گروپەکەی لەژێر چاودێریی وردی ئەمەریکادایە.
بۆچی بەتات دەستگیر کرا؟
دەستگیرکردنی دوێنێی واسق بەتات لە بەغدا، پاش بڵاوبوونەوەی دیدارێکی تەلەفزیۆنی هات لەگەڵیدا، کە تێیدا هێرشی توند دەکاتە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرکردایەتی حەشدی شەعبی.
بەتات لە بەرنامەکەدا بە زمانێکی توند سوکایەتی بە فالەح فەیاز (سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی) و هەندێک لە فەرماندە ئەمنییەکان کردووە.
لە دیدارەکەدا وتبووی کە "هەندێک لە سەرکردەکانی حەشد بوونەتە بازرگان و خوێنی شەهیدان دەفرۆشن" و "گوێڕایەڵی فەرمانی ڕاستەقینەی مەرجەعییەت نین".
هەروەها ڕەخنەی لەوە گرتبوو کە حەشد خەریکە دەبێتە هێزێکی "حکومیی کلاسیک" و چیدی نوێنەرایەتی "شۆڕشی ئیسلامی" ناکات. هاوکات هێرشی کردبووە سەر هێزە ئەمنییەکان بەوەی کە ڕێگری لە چالاکییەکانی گرووپەکەی ئەو دەکەن.
ئەم قسانە وایکرد حکومەتی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنی بەتات بدات و دوێنێ لەلایەن لیژنەی ئەمنی حەشدەوە دەستگیر کرا.
هێزە ئەمنییەکان دەڵێن لێدوانەکانی بەتات دەبنە هۆی دروستکردنی فیتنەی ناوخۆیی لە نێوان هێزە چەکدارەکاندا، هەربۆیە دەستگیرکراوە.