پەرلەمانتارێکی عێراق بۆ پەنجەرە: ڕووداوەکەی کەرکوک پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردە
٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای کوژرانی ئەفسەرێکی مەسیحی پۆلیسی کەرکوک، کاندیدێکی دەرچووی ئەو پێکهاتەیە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لێکۆڵینەوەی ورد و سزادانی تاوانباران دەکات.
عیماد یوخەنا، کاندیدی دەرچووی کۆتای مەسیحی لە کەرکوک بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان وردەکاری ڕووداوەکە ئاشکرا بکەن و تاوانباران سزا بدرێن.
دوێنێ هەینی، عەقید "زەید عادل جەرجیش" ئەفسەری پۆلیسی کەرکوک لە گەڕەکی عەرەبی شاری کەرکوک بە دەستڕێژی گولە کوژرا، کە ناوبراو مەسیحییە و ئەمەش ئەو پێکهاتەیەی نیگەران کرد.
نوسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەنجامدەرانی تاوانەكە دوو بران و پێشتر كارمەندی پۆلیسی كەركوك و هاوڕێی ئەفسەرەكە كوژراوەكە بون، لەسەر دۆسیەیەكی ساختەكاری كە لەگەڵ عەقیدەكە بەهاوبەشی ئەنجامیان دابوو، پێشتر سزا دراون و بەهۆی یاسای لێبوردنەوە ئازاد کراون.
رونیشیكردوەتەوە: دوای ناسینەوەیان و گشتاندنی ژمارە و جۆری ئەو ئۆتۆمبێلەی تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە، دوو برا تۆمەتبارەكە یەكێكیان هەر لەنێو ئۆتۆمبێلەكەدا خۆی كوشتووە و ئەوەی تریشیان لەگەڵ برایەكی دیكەیدا لەكاتی هەڵهاتندا دەستگیركراون.