بەپێی یاسا دەبێت ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان چەند بێت؟

٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٧ پاش نیوەڕۆ

بەپێی یاسا دەبێت ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان چەند بێت؟

پەنجەرە

وەزارەتی ناوخۆی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە (11000) لەبەرواری (1/6/2021)، ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی سەربازی و حکومەتی لەکاتی ئەرک و خانەنیشین بوندا دیاریکردووە.

بەپێی نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست پەنجەرە کەوتووە، بەرپرسانی سەربازی و حکومی لەکاتی ئەرک و خانەنیشین بوندا ژمارەی پاسەوانەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

وەزارەتی ناوخۆ بەمجۆرەی لایخوارەوە ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی سەربازی و حکومی دیاریکردووە:

1. وەزیر و ئەوانەی پلەی وەزیریان هەیە، لەکاتی خزمەتدا 10 پاسەوان و کاتێک خانەنیشین دەکرێن 2 پاسەوانیان دەبێت بۆ ماوەی یەک ساڵ.

2. بریکاری وەزیر، لەکاتی خزمەتدا 5 پاسەوان و کاتێک خانەنیشین دەکرێت 1 پاسەوانی دەبێت بۆ ماوەی یەک ساڵ.

3. پەرلەمانتار، لەکاتی خزمەتدا 3 پاسەوان و لەکاتی خانەنیشین دا 1 پاسەوانی دەبێت بۆ ماوەی یەک ساڵ.

4. پارێزگار، لەکاتی خزمەتدا 8 پاسەوان و دوای خانەنیشین بون 2 پاسەوانی دەبێت بۆ یەک ساڵ.

5. سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، لەکاتی خزمەتدا 3 پاسەوان و دوای خانەنیشین بون یەک پاسەوانی دەبێت بۆ یەک ساڵ.

6. جێگری پارێزگار، لەکاتی خزمەتدا 2 پاسەوان و دوای خانەنیشین بون یەک پاسەوانی دەبێت بۆ یەک ساڵ.

7. سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، لەکاتی خزمەتدا 6 پاسەوان و دوای خانەنیشین بون 1 پاسەوانی دەبێت بۆ یەک ساڵ.

8. جێگری سەرۆک و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، لەکاتی خزمەتدا 3 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون 1 پاسەوانیان دەبێت بۆ یەک ساڵ.

9. سەرۆکی دادگاکان (جگە لە دادگا سەربازییەکان)، لەکاتی خزمەتدا 3 پاسەوان و دوای خانەنیشین بون یەک پاسەوانیان دەبێت بۆ یەک ساڵ.

10. دادوەر ( جگە لە دادوەری سەربازیی)، لەکاتی خزمەت دا دوو پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون پاسەوانێکی دەبێت بۆ یەک ساڵ.

11. قایمقام، لەکاتی خزمەتدا دوو پاسەوان و دوای خانەنیشین بون پاسەوانی پێنادرێت.

12. بەڕێوەبەری ناحیە، لەکاتی خزمەتدا دوو پاسەوان و دوای خانەنیشین بون پاسەوانی نابێت.

13. سەرۆکی داواکاری گشتی، لەکاتی خزمەتدا 3 پاسەوان و دوای خانەنیشین بونی یەک پاسەوانی دەبێت بۆ یەک ساڵ.

14. ئەندامانی داواکاری گشتی، لەکاتی خزمەتدا 2 پاسەوان و دوای خانەنیشین بون پاسەوانیان پێنادرێت.

15. بەڕێوەبەری گشتی لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، لەکاتی خزمەتدا 3 پاسەوان و دوای خانەنیشین بون یەک پاسەوانیان دەبێت بۆ یەک ساڵ.

16. پلەداری سەربازی کە پلەکەی (فەریقی یەکەمە)، 4 پاسەوانی دەبێت و لەکاتی خانەنیشین بوندا 2 پاسەوانی پێدەدرێت تا ئەوکاتەی لەژیاندایە.

17. پلەداری سەربازی کە پلەکەی (فەریقە)، 2 پاسەوانی دەبێت لەکاتی خزمەتدا دوای خانەنیشین بون دوو پاسەوانەکەی پێدەدرێتەوە تا ئەوکاتەی لەژیاندایە.

18. پلەداری سەربازی کە پلەکەی (لیوایە)، 2 پاسەوانی لەکاتی خزمەتدا پێدەدرێت و دوای خانەنیشین بون یەک پاسەوانی پێدەدرێت تا ئەوکاتەی لەژیاندایە.

19. پلەداری سەربازی کە پلەکەی (عەمیدە)، یەک پاسەوانی پێدەدرێت و دوای خانەنیشین بون پاسەوانەکەی لای دەمێنێتەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ.

20. پلەداری سەربازی کە پلەکەی (عەقیدە)، یەک پاسەوانی دەبێت و پاسەوانەکەی لا دەمێنێتەوە دوای ئەوەی خانەنیشین دەکرێت بۆ ماوەی یەک ساڵ.

ئەوەی جێی سەرنجە، بە سەدان و بگرە هەزاران کەس پاسەوانیان پێدراوە بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان، ئەمە جگە لەوەی بەرپرسانی حکومی و سەربازیش ژمارەی پاسەوانەکانیان زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی بۆیان دانراوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو