چەکدانانی گرووپە شیعییەکان؛ نیازێکی جیدیی یان مانۆڕێکی کاتی؟

٢١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:١٨ پاش نیوەڕۆ

چەکدانانی گرووپە شیعییەکان؛ نیازێکی جیدیی یان مانۆڕێکی کاتی؟

پەنجەرە

چەند ڕۆژێکە پرسی چەکدانانی گروپە چەکدارە شیعییەکانی عێراق بووە بە ڕۆژەڤ، هەندێک گروپ ئامادەیی خۆیان بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەکە پیشانداوە و هەندێکی تریان دژی وەستاونەتەوە. بەکۆی گشتیش پرۆسەکە گومان و پرسیاری زۆری وروژاندووە.


نەخشەی هەڵوێستەکان؛ کێ لەگەڵە و کێ دژە؟

هەوڵەکان بۆ چەکدانان یان "بە نیشتمانییکردنی چەک" لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا چڕ بووەتەوە. حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی لەژێر فشارێکی زۆردایە بۆ ئەوەی بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت.

ئەوانەی ئامادەییان دەربڕیوە، ڕەوتی سەدر بە ڕابەرایەتی موقتەدا سەدر، یەکێکە لە دەنگە دیارەکان کە هەمیشە داوای "حصر السلاح/ کۆنترۆڵکردنی چەک" دەکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە سەدر ئامادەیە "سەرایا سەلام" بخاتە ژێر فەرمانی تەواوی دەوڵەت ئەگەر هەموو لایەنەکانی تر هەمان هەنگاو بنێن. 

هەروەها هەندێک لە لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە بەرژەوەندییان لە سەقامگیریی حکومەتدایە، بە ناچاری پشتیوانی لەم ئاراستەیە دەکەن، لەنێویاندا عەسائیبی ئەهلی هەق.

لە بەرەی دژبەریشدا، گرووپە ڕادیکاڵەکانی ناو "مقاوەمەی ئیسلامی" وەک (نوجەبا و کەتائیبی حیـ.ـ.ـزبوڵڵا)، تائێستاش چەکدانان وەک "خۆبەدەستەوەدان" دەبینن لە کاتێکدا هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامن.

لەنێوان ئەم دوو بەرەیەشدا، بەرەی بێدەنگەکانیش هەن. بەشێک لە هێزە کلاسیکییەکانی وەک "ڕێکخراوی بەدر" و هەندێک باڵی حەشدی شەعبی، هەڵوێستێکی ناڕوونیان گرتووەتە بەر، ئەوان نە دژی بڕیارەکانی دەوڵەتن و نە بە ئاشکراش باس لە لێسەندنەوەی چەکی گروپەکانیان دەکەن.

هاوشان بەمە، دامودەزگا فەرمییەکان پێشوازیی لەم هەنگاوە دەکەن، لەنێویاندا ئەنجومەنی دادوەریی کە سەرۆکەکەی دوێنێ ڕاگەیەنراوێکی دەستخۆشییکەرانەی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە بڵاوکردەوە.


پاڵنەر و مەترسییەکانی پرۆسەکە؛ بۆچی ئێستا؟

هێنانەپێشەوەی ئەم پرسە لەم کاتەدا کە مشتومڕی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گەرمە، بەڕای چاودێران و سەرچاوە سیاسییەکان، بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە، لەوانە:

هەڕەشەی ئیسرائیل:
ئیسرائیل هۆشداری داوە کە گروپە شیعییەکان لەناو عێراق دەپێکێت. لایەنە شیعییەکان دەزانن کە کرانە ئامانجی عێراق، دەستکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.

خۆدوورخستنەوە لە چارەنووسی لوبنان:
دوای ئەو گورزە کوشندانەی بەر حـ..ـیزبـ..ـوڵای لوبنان کەوت، میلیشیاکانی عێراق تێگەیشتن کە باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل و هەواڵگرییەکەی، زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕێیان دەکرد. بۆیە "پاشەکشەی تاکتیکی" و خۆشاردنەوە لەژێر چەتری دەوڵەت، وەک ڕێگەیەک بۆ مانەوە دەبینن.

فشاری ئەمریکا:
واشنتۆن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیادکردووە تاوەکو ڕێگری لە چالاکیی گروپە چەکدارەکان بکات. نەک هەر ئەمە، بەڵکو داوایکردووە گروپە چەکدارەکان لە کابینەی داهاتووی حکومەت دووربخرێنەوە، بەپێچەوانەوە ڕەنگە سزای دارایی توند بخاتە سەر کەرتی بانکیی عێراق، سەرباری گرتنەبەری ڕێکاری تری سزائامێز.


ئەگەری سەرگرتن و هەڵوێستی واشنتۆن و تاران

پرسیارە سادە و لەهەمان کاتدا جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم هەنگاوە سەردەگرێت؟
زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن کە چەکدانانی تەواوەتی لە ماوەیەکی کورتدا، مەحاڵە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات زیاتر ڕێکخستنەوەی چەک یان گۆڕینی شێوازی کارکردنی گروپەکانە بۆ ئەوەی دەوڵەت ڕووبەڕووی شەرمەزاری نێودەوڵەتی نەبێتەوە. 

جگە لەوەش بەم هەنگاوە خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی نەکەونە بەر ڤیتۆی ئەمەریکی و لە کابینەی داهاتووی حکومەت بێبەش نەکرێن.
ئەگەری زۆریش ئەوەیە گروپەکان چەکەکانیان "کۆگا" بکەن نەک ڕادەستی بکەن.

هەڵوێستی ئێران:
تاران لە نێوان دوو بەرداشدایە؛ لە لایەک نایەوێت یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی فشاری دەستی کە گرووپە عێراقییەکانە لەدەست بدات، لە لایەکی تریشەوە نایەوێت عێراق تووشی شەڕێکی وێرانکەر بێت کە زیان بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بگەیەنێت.

بۆیە تاران ڕەنگە گڵۆپی سەوزی "بێدەنگبوونی کاتی" بۆ گروپەکان دابگیرسێنێت.

هەڵوێستی ئەمەریکا:
ئەمریکا پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە دەسەڵاتی میلیشیاکان کەم بکاتەوە. ئەگەر ئەم هەوڵە سەرنەگرێت، ئەوا دەستی ئیسرائیل واڵا دەکات بۆ لێدانی بنکەکانی ئەو گروپانە لە ناوخۆی عێراق، کە ئەوەش سەرەتای قۆناغێکی نادیار و پڕ مەترسی دەبێت بۆ هەموو ناوچەکە. جگە لەوەش خۆی بە هێزی سەربازیی و ڕێکاری دارایی، دەتوانێت زیان بە عێراق بگەیەنێت.

بەکۆی گشتی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە؛ یان سەرکەوتوو دەبێت لە چەککردنی میلیشیاکان ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیی و بەشێوازێکی تاکتیکییش بێت، یاخود دەرگای مەترسی هێرشی سەربازیی و سزای دارایی و بانکیی لەسەر خۆی دەکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو