بەهۆی پێنەدانی سولفەوە وێستگەی کارەبای گەرمیان بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە

٢١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٢١ پاش نیوەڕۆ

بەهۆی پێنەدانی سولفەوە وێستگەی کارەبای گەرمیان بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە

پەنجەرە

بەهۆی پێنەدانی "سولفە" لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە کۆمپانیای ئەگریکۆ، ماوەی هەفتەیەکە ئەو کۆمپانیایە بەرهەمهێنانی کارەبای لە ناوچەی گەرمیان ڕاگرتووە و ئەمەش بارگرانی خستووەتە سەر کارەبای سلێمانی.

لەو غازەی کە لە کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان "حەسیرە" بەرهەمدەهێنرێت، کۆمپانیای ئەگریکۆ 60 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و کارەباکەش تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانیی هەرێم دەکرێت.

پشکی ناوچەی گەرمیان لە کارەبای نیشتمانی 110 مێگاواتە و نیوەی کارەباکە لەلایەن کۆمپانیای ئەگریکۆوە بەرهەم دەهێنرێت، ئەو 50 مێگاواتەی تر لە دەربەندیخان و بازیانەوە بۆ گەرمیان دابین دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەن ئەگریکۆوە بارگرانی لەسەر کارەبای سلێمانیش دروست دەکات، چونکە پێشتر نیوەی کارەبای گەرمیان لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە بەرهەمدەهێنرا.

سەرچاوەکە دەڵێت: ماوەی 6 مانگە حکومەتی هەرێم سولفەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە کۆمپانیای ئەگریکۆ نەداوە، بۆیە کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانی کارەبای ڕاگرتووە.

جەختیشیکردەوە: بۆ ئەو 60 مێگاواتە کارەبای بەرهەمی دەهێنێت، دەبێت حکومەت مانگانە نزیکەی دوو ملیار دینار بداتە کۆمپانیاکە.

پێشتر کۆمپانیای ئەگریکۆ کارەبای لە گەرمیانەوە هەناردەی پارێزگای دیالە دەکرد، بەڵام لە وەرزی بەهارەوە هەناردەکردنی کارەبای بۆ ئەو پارێزگایە ڕاگرتووە و کارەباکە دەخاتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێم.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو