پارتی و یەکێتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان "ڕووگیر" دەکەن
٢١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەنێو بەشێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستاندا جۆرێک لە نیگەرانی دروستبوە، بەوەی ئەگەر پارتی و یەکێتی بە دوو کاندیدی جیا بچنە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە، هەڵوێستیان چۆن بێت و چی ڕێگەیەک بگرنەبەر بۆ خۆ قوتارکردن لە ڕووگیربوون.
بەپێی قسەی بەرپرسانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ پەنجەرە، ئەوان نایانەوێت ببنە بەشێک لەو ململانێیەی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دروستبوە، بۆیە دەیانەوێت هەڵوێستەکانیان بەجۆرێک بێت پشتگیریی هیچکام لەو دوو هێزە نەکەن.
بەرپرسانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن، تائێستا هیچ بڕیارێکیان لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی زیاتری ناوخۆیی ئەنجام دەدەن، تا بتوانن لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بە یەک "مەسافە" بوەستن.
ئەگەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکەن، پارتی و یەکێتیش بەدوو کاندید بچنە کێبڕکێوە، تەنها ڕێگەی بەردەمیان بۆ خۆ قوتارکردن لە ڕووگیریی و ئیحراج بوون، دەنگنەدانە بە کاندیدی هیچ لایەکیان، یاخود بەشداریی نەکردنە لە دانیشتنەکەدا.