"جۆرە چینییەکان پێشەنگن"؛ بازاڕی ئۆتۆمبێلی هەرێم گەشەیەکی بێپێشینە بەخۆوە دەبینێت
٢٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ـدا گەشەیەکی خێرای بەخۆوە بینیوە، ئەمەش هاوکات لەگەڵ تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی لە ئاماری ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکاندا. هاوکات ئۆتۆمبیلە چینییەکان پێشەنگیی ئەو ئۆتۆمبیلانەیان گرتووە کە هاوردە کراون.
ساڵ دوای ساڵ گەشەکردن
بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، گەیشتووەتە نزیکەی ١٧٢ هەزار ئۆتۆمبێل، بەراورد بە ١٢٢ هەزار ئۆتۆمبێل لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا.
بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، ژمارەکە زۆر زیاتر بووە و گەیشتووەتە نزیکەی ١٨٤ هەزار ئۆتۆمبێل، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ و کۆکردنەوەی داتای وردتر، ژمارەکە زیاتر بێت.
چین لە پێشەنگدایە
ڕاپۆرتە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆتۆمبێلە چینییەکان گەورەترین پشکی هاوردە نوێیەکان بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، ئەمەش بەهۆی: نرخە ڕکابەرەکانیان، هەمەجۆریی مۆدێلەکان و پەرەسەندنی ئامێرە تەکنیکییەکانیان بەراورد بە تێچووەکەیان.
ماڵپەڕی The Insight International ئاماژەی بەوە کردووە کە براندە چینییەکانی وەک Changan، Geely، Haval، MG و Jetour بوونەتە یەکێک لە پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێلەکان لە پێشانگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و پێش ژمارەیەک لە براندە ژاپۆنی و کۆرییەکان کەوتوون.
پاشەکشەی ڕێژەیی بۆ ژاپۆنی و کۆرییەکان
سەرەڕای بەردەوامی ئامادەیی ئۆتۆمبێلە ژاپۆنییەکان، بەتایبەتی تۆیۆتا، نیسان و کیا و هۆندا، بەڵام گەشەکردنیان بەراورد بە ئۆتۆمبێلە چینییەکان خاوتر بووەتەوە، لە کاتێکدا براندە کۆرییە باشوورییەکان ڕووبەڕووی ڕکابەرییەکی توند دەبنەوە لە جۆری ئۆتۆمبێلە ئابوورییەکان و مامناوەندەکاندا.
بەڕای شارەزایان، بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەکانی ئۆتۆمبێلە ژاپۆنی و کۆرییەکان، جگە لە تێچووی گواستنەوە و باج، لەبەرامبەردا هەرزانیی نرخی ئۆتۆمبیلە چینییەکان، هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو ئۆتۆمبیلانەی ژاپۆن و کۆریا و گۆڕینی ئاراستەی بەکاربەران بەرەو بژاردەی چینی.
دۆخی دارایی و پێشانگا و ڕێکخستنی نوێ
زیادبوونی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل بۆ هەرێم، گرێدەدرێتەوە بە چەند هۆکارێک.
سەرەکیی ترینی ئەو هۆکارانەش چالاکیی و برەوپەیداکردنی بازاڕی پێشانگاکانی ئۆتۆمبیلە، بەشێوەیەک هەرێمی کوردستان وایلێهاتووە ببێت بە دەروازەی بازرگانی ئۆتۆمبیل بۆ هەموو عێراق.
هاوکات ئەگەرچی ئەستەمە ئەو ئۆتۆمبیلانە بەشی زۆریان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بێت بەهۆی کەمیی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەوە، بەڵام جێگیربوونی دۆخی دارایی لەمساڵدا و کەمتر درووستبوونی قەیران و کێشەی دارایی لەچاو ساڵانی ڕابردوو، دەشێت هۆکارێکی کاریگەریی گەشەسەندنی بازاڕی ئۆتۆمبیل بێت.
ئاماژەکانی ئاییندە
پێشبینی دەکرێت گەشەی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێم لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت، مەگەر گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەتە گومرگییەکان یان نرخی ئاڵوگۆڕدا ڕووبدات، لەگەڵ ئەگەری فراوانبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە هایبرید و کارەباییەکان لە مەودای مامناوەندا.
بەڵام ئەم گەشەسەندنە هاوکات دو پرسی دیکەی جیدیی دێنێتە ئاراوە: ڕێگاوبان و ژینگە.
پرسیارە سەرەکییەکە پەیوەست بەم دوو بوارە ئەوەیە: ئایا ڕێگاوبانی هەرێم بەرگەی ئەم ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبیل دەگرێت؟
هەروەها ئایا لەگەڵ زیادبوونی زیاتری ژمارەی ئۆتۆمبیلەکاندا، ژینگەی ناوچەکە چەندی دیکە دەشێوێت کە خۆی لە بنەڕەتەوە کێشەی زۆرە و پێویستی بەهەنگاونانی جیدییە؟