کورد لە سوریا؛ لەنێوان فشاری تورکیا و ترس لە نزیکبونەوە لە ئیسرائیل
٢٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ دیمەشق، شەڕی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی سوریا لە حەلەب هەڵگیرسایەوە، هەر ئەمەش بووە هۆی تۆمەتبار کردنی تورکیا بە هەڵگیرساندنی شەڕەکە.
ئەجێندای تورکیا لە ڕۆژئاڤا؛ ترس لە ئیسرائیل و گومان لە کورد
تورکیا هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخی سوریا و هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان هەسەدە و گروپە چەکدارە سورییەکان دەدات، ئامانج لەم هەوڵەی بەرگرتنە بە پەلهاویشتی ئیسرائیل و خۆ بەهێز کردنە لەو وڵاتە.
تورکیا ترسی هەیە لەوەی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاڤا دووبارە ببێتەوە، بۆیە دەیەوێت بەر بەو هەوڵانە بگرێت و کورد لە سوریا لەڕێگەی فشاری ڕاستەوخۆی خۆی و بەهاندانی گروپە چەکدارەکان لاواز بکات.
ئامانجێکی تری تورکیا لە فشارەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات گرێدراوە بە پرۆسەی ئاشتییەوە، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە "تەنازول" ی زیاتر بە پەکەکە بکات. واتە لەیەککاتدا دەیەوێت خۆی لە سوریا بەهێز بکات و حکومەتەکەی شەرعیش بۆ تەنازول پێکردنی پەکەکە بەکار بهێنێت.
تورکیا لەپاڵ ئامانجە ستراتیژییەکانیدا ترسیشی هەیە لە نزیکبونەوەی کورد لە ئیسرائیل، پێیوایە دەرفەت بۆ نزیکبونەوەی هەسەدە و درووز لە ئیسرائیل ڕەخساوە، وەکچۆن عەلەوییەکان لە ئێرانەوە نزیکن.
لە ساڵی 2017 ڕێکخراوی کورد_جو لە برۆکسل دامەزرێنرا، جدعون ساعر
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەندام بو لەو ڕێکخراوەدا، دوای دەست بەکاربونیشی ڕایگەیاند: کورد هاوپەیمانی سروشتی ئێمەن.
ئیسرائیل هاوشێوەی تورکیا دراوسێی سوریایە و پلانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە هەیە، نایەوێت سوریایەکی ناوەندی بەهێز دروست ببێت و ببێتە مایەی مەترسی بۆی، ناشیەوێت تورکیا باڵادەست بێت بەسەر ئەو وڵاتەدا، بۆیە هەوڵدەدات کورد وەک کارتی فشار بەکار بهێنێت.
ئیسرائیلییەکان وا بیر دەکەنەوە و تێڕوانینیان وایە، ئەگەر عەرەبە موسڵمانەکان نابنە دۆستیان و ناکۆکی مێژوویی لەنێوانیان دا هەیە، دەکرێت دۆستایەتی لەگەڵ گەلان و وڵاتانی تری ناوچەکەدا بکەن.
لەپاڵ ئەو ئەجێندایانەدا ئیسرائیل دۆخەکە بەوجۆرە دەبینێت ناوچەکە لە قۆناغی خۆ داڕشتنەوەدایە، بۆیە دەیەوێت تا بۆی دەکرێت پەلی زیاتر بۆ ناوچەکە بهاوێژێت و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕیش لەگەڵ ئێران لەچوارچێوەی ئەو پەلهاویشتنەدایە، ئەمەش لەلایەن تورکیاوە کە وەکو وڵاتێکی زلهێز خۆی دەبینێت مایەی مەترسییە.
کورد بوەتە بەشێک لە کێشمەکێشی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە سوریا، تورکیا ترسی لە بەهێز بونی و نزیکایەتی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئیسرائیلیش دەیەوێت سود لە کارتی کورد بۆ ململانێی تورکیا وەربگرێت.
لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لە مەترسییەکانی نزیکبونەوە لە ئیسرائیل تێگەیشتوون، بۆیە خۆیان لەو نزیکبونەوەیە بەدوور دەگرن و چاویان لەسەر سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی و لاواز بونی فشارەکانی سەریانە.
ئەحمەد شەرع؛ دەستەوەستان لە ئاست دەستوەردانە دەرەکییەکان
هەرچەندە لەڕووی سیمبوڵییەوە وەکو سەرۆکی سوریا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام لەڕووی واقیعییەوە حکومەتەکەی شەرع کۆنترۆڵی بەسەر سوریادا نییە و هەر ناوچە و گروپێک باڵادەستن بەسەریدا.
گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و ئەو گروپانەشی لە وڵاتانی عەرەبییەوە نزیکن لە هەندێک ناوچە باڵادەستن، هەسەدە ناوچە کوردییەکانی کۆنترۆڵکردووە و درووزیش ڕازی نابن بە حوکمی گروپە چەکدارە سورییەکان، ئەمە جگە لەوەی لەنێو دەسەڵاتەکەی شەرعیشدا چەندین گروپی جیا جیای تێدایە.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لەلایەک گیرۆدەی دەستی ئەو هەموو گروپە چەکدارە ئەجێندا جیاوازەیە، لەلاکەی تریش هێشتا پایەکانی دەسەڵاتەکەی لاوازن و وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمی بەکاری دەهێنن.
لەئێستادا حکومەتەکەی شەرع لەلایەن تورکیاوە وەکو کارتی فشار لەبەرامبەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بەکار دەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو بەکارهێنانە بەشێکە لە فشاری سەر پەکەکەش لە مەسەلەی پرۆسەی ئاشتیدا.
لەکاتێکدا تورکیا ڕۆڵی هەیە لە ئاڵۆزکردنی دۆخی سوریا و هەوڵی لاواز کردنی پێگەی کورد لەو وڵاتە دەدات، بەڵام ئاڵۆزبونی دۆخەکە خواستی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپای لەسەر نییە.
ئاڵۆزبونی دۆخی سوریا دەبێتە هۆی ڕۆیشتنی کۆچبەری زیاتر بۆ ئەوروپا، هەروەها بەهێزبونی روسیا و چینی لێدەکەوێتەوە و ئاڵۆزییەکان زیان بە گواستنەوە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنن کە دەریای سپی یەکێکە لە ڕێڕەوە سەرەکییەکان.
ناڕازیبونی ئەمەریکا و ئەوروپا لە ئاڵۆزبونی دۆخی سوریا، وایکردووە پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارەکان و هەسەدە زۆر درێژە نەکێشێت و خێرا ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، بۆیە ئێستادا دۆخەکە دۆخی نە شەڕ نە ئاشتییە.
هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل لە ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر ئاسایشی رۆژئاڤا لە شاری حەلەب دەرئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی سوریایە.
رەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل لە ئەوروپا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تورکیا هەوڵدەدات دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاڤا تێکبدات، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر بە باشی لەم ئامانجە تێگەیشتوون.
دەشڵێت: تورکیا دەیەوێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەمێنێت و هێزەکانی ڕادەستی سوریا بکات، ئەمە بۆ وڵاتانی عەرەبی، ئیسرائیل، ئەمەریکا و ئەوروپا خراپە و ئایندەی سوریا دەکەوێتە دەست گروپە چەکدارە توندڕەوەکان.
بەبڕوای رەمزی کارتاڵ، سەرکەوتنی سیاسی تورکیا لە سوریا بۆ هەموو وڵاتان دەرئەنجامی خراپی دەبێت، بۆیە ڕێگە بەو وڵاتە نادرێت هێرش بکاتە سەر ئیدارەی خۆسەر، سوریاش ناتوانێت لەڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕووی هەسەدە ببێتەوە.
کارتاڵ وتیشی: تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی فشارەوە ئیدارەی خۆسەر لاواز بکات و بۆی ناچێتە سەر، دواجار کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تورکیا ناچار دەکات سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئەمە کاتی دەوێت.